گەورە راوێژکارێکی خامەنەئی: قاسم سولەیمانی 82 لیوای لە سووریا و عێراق دروست کردوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەورە راوێژکارێکی خامەنەئی: قاسم سولەیمانی 82 لیوای لە سووریا و عێراق دروست کردوون

 رەحیم سەفەوی، گەورە راوێژکاری سەربازیی خامەنەئی گوتی، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی، کە سەرەتای ساڵی 2020 لەسەر دەستی هێزەکانی ئەمریکا لە رێی فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانجی مووشەکی فڕۆکە و کوژرا، 82 لیوای لە سووریا و عێراق دروست کردوون، کە لە چەکداری نەتەوەی جیاجیا پێک هاتوون.

ئاژانسی (ئێرنا)ی فەرمی لە زاری سەفەوی گواستوویەتیەوە، قاسم سولەیمانی 60 لیوای لە سووریا دروست کردووە، کە 70 هەزار چەکدار لەخۆ دەگرن و سەر بە میلیشیای جۆراوجۆرن لە نەتەوە و وڵاتی جۆراوجۆرەوە و لەژێر فەرمانی فەیلەقی قودسی ئێراندان.

ئێران میلیشیای (فاتیمیوون)ی بۆ چەکدارانی شیعەی ئەفغانی، میلیشیای (زەینەبیوون)ی بۆ پاکستانییەکان و (حەیدەریوون)ی دروست کردووە، کە میلیشیا عێراقییەکان دەگرێتە خۆ و شانبەشانی سوپای رژێمی سووریا و لەژێر فه‌رمان و ستراتیژیی سولەیمانی لەناو خاکی سووریا شەڕ دەکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە شەڕکردنی ئەو هەموو میلیشیایانە شان بە شانی سوپاکانی عێراق و سووریا ئەرکێکی گرنگ و سەختە، بەڵام سولەیمانی لەگەڵیاندا نەرم بووە.

سەرەڕای رۆڵی سەربازیی قاسم سولەیمانی لە هەر چوار وڵاتی عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان، دژ بە ستراتیژیەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، سەفەوی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، قاسم سولەیمانی پەیوەندی و گفتوگۆی دبلۆماسیی لەگەڵ سەرۆک کۆماری رووسیا و تورکیا و عێراق و ئەفغانستان هەبووە.

سەفەوی دەشڵێ، کەمترین تۆڵە بۆ خوێنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس و موحسین فەخری زادە، دەرکردنی ئەمریکایە لە رۆژئاوای ئاسیا و رزگارکردنی قودس.

ئەگەرچی سەفەوی لەو لێدوانەیدا باسی تێچووی ئەو هێزانەی نەکرد، بەڵام ماوەیەک بەر لە ئێستا، محەمەد رەزا نەقدی، جێگری هەماهەنگکاری گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا  گوتی، کە وڵاتەکەی 17 ملیار دۆلاری لە چالاکی و جموجۆڵەکانی لە ناوچەکە خەرج کردووە. لای خۆشیەوە، رۆژنامەی (ئیعتماد)ی ئێرانی، لە زاری حشمەتوڵڵا فەلاحەت بیشە، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران گواستوویەتییەوە: ”ئێران 20 بۆ 30 میار دۆلاری لە سووریا خەرج کردووە“ و جەختیش دەکاتەوە، کە پێویستە دیمەشق بیانداتەوە.

ساڵی رابردوو، برایان هۆک، نێردەی ئەوکاتی ئەمریکا لە ئێران گوتی: ”ئێران 16 ملیار دۆلاری لە میلیشیاکانی لە عێراق و سووریا خەرج کردووە“.

لە کانوونی دووەمی 2016 محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران گوتی، وڵاتەکەی 200 هەزار چەکداری سەر بە ئێران لە سووریا و عێراق و ئەفغانستان و پاکستان داڵدە دەدا.