کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر دەست پێ دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر دەست پێ دەکاتەوە

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر ڕای گەیاند، دوای وەستانی کارەکانی نۆژەنکردنەوە بەھۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، ئێستا دەستیان کردووەتەوە بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر.

نیھاد لەتیف، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای ھەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ھاتنی قەیرانی دارایی، ماوەی چەند مانگێک کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێرمان وەستاندبوو، بەڵام ئێستا کە ھەردوو حاڵەتەکە بەرەو ئاسایی بوونەوەیە، دەستمان بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە کردووەتەوە".

گوتیشی: "بەشێکی بودجەی پڕۆژەکە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و کونسولخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر دابین کراوە کە ئێسا کارەکانی تەواوکردنی شەقامی ناوەندی قەڵاکە و دوو قاوەخانە و ریستۆرانت و کاری ھونەریی مۆزەخانەکەی پێ تەواو دەکەین".

نیھاد لەتیف باسی ئەوەشی کرد: "بەشێکی کارەکان تایبەت کراوە بە دەرخستنی کاری ھونەری و مێژوویی شاری ھەولێر و نۆژەنکردنەوەی چەند خانوویەک و جێبەجێکردنی بابەتی ئاو و ئاوەڕۆ".

بە گوتەی نیھاد لەتیف ماوەیەکە سەردانی گەشتیاران بۆ قەڵای ھەولێر ئاسایی بووەتەوە و بە تەواوکردنی ئەو کارانەش، سەرنجی گەشتیارێکی زیاتر بۆ سەردانی قەڵاکە ڕادەکێشێت.

قەڵای ھەولێر، بە یەکێک لە کۆنترین قەڵاکانی جیهان و ناوچەکە و کوردستان دادەنرێت کە تەپۆلکەیەکی بازنەیی ڕوو تەختە، کەوتووەتە ناوەڕاستی شاری ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و مێژووی ژیان تێيدا بۆ نزیکەی شەش ھەزار ساڵ پیش ئێستا دەگەڕێتەوە و بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانيش بەدەستی سۆمەرییەکان دروست کراوە و دوای ئەوان بە دەیان نەتەوە و شارستانییەت لە سەری ژیاون تا ساڵی ٢٠٠٥ کە دانیشتووانەکەی گواسترانەوە نزیکەی ١٣٠٠ خێزان بوون، لە ساڵی ٢٠١٤یشەوە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە، وەک شوێنەوارێکی گرنگی جیهانی تۆمار کراوە و بە یەکێک لە هێما و شوێنەوارە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.