حکوومەتی لوبنان بەهۆی کۆرۆناوە باری لەناکاوی راگەیاند
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

حکوومەتی لوبنان بەهۆی کۆرۆناوە باری لەناکاوی راگەیاند

بڕیارێکی تایبەت بە گەشتیارانی بەغدا و چەند شارێکی دیکە دەرکرا

ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە باری لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند.

راگەیاندنی باری لەناکاو لە لوبنان بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانە بە پەتای کۆرۆنا، کە تا ئێستا لەو وڵاتەدا، کە ژمارەی دانیشتووانی بەپێی زانیارییەکانی ویکیپێدیا ملیۆن چوار کەسە، 222 هەزار و 391 کەس تووشی پەتاکە بوون و لەو ژمارەیەشدا، هەزار و 629 کەس گیانیان لەدەست داوە.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان رایگەیاندووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، باری لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند.

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان:

- چوونە دەرەوە لە ماڵ و چوونە سەر شەقامەکان لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 14-1-2021ـەوە تا کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی رۆژی 25-1-2021 قەدەغەیە.

(تیمەکانی حکوومەت بە بوونی رێپێدانی فەرمی لەو بڕیارە دەبەخشرێن)

- هەموو فەرمانگە و دەزگاکانی دەوڵەت، زانکۆ و قوتابخانەکان، باخچەکان و کەناراوەکان، یاریگا و گازینۆکان دادەخرێن.

- ئەو کەسانەی لە بەغدا، ئیستەنبوڵ، ئەدەنە، قاهیرە و ئەدیس ئەبابا سەردانی لوبنان دەکەن، دەبێ لەسەر ئەرکی خۆیان بۆ ماوەی حەوت رۆژ لەو هۆتێلەی بۆیان دیاری دەکرێ بمێننەوە و پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنا لەسەر ئەرکی خۆیان بکەن.

- کەمکردنەوەی گەشتە هاتووەکان بۆ فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت بۆ رێژی %20 و پشکنینی هەموو هاتووەکان.

- دەروازە سنوورییە زەمینی و دەریاییەکان دادەخرێن، تەنیا بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ خاکی لوبنان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنن (ترانزێت)، دەکرێنەوە.

- هەموو جۆرە ئاهەنگ و گردبوونەوەیەک قەدەغە دەکرێ و بە هەماهەنگیی مەرجەعە دینییەکان، دەرگای خانەکانی خوداپەرستی دادەخرێ.