پەرتووكی (زیاتر نیو سەدە لە خەبات و تێكۆشان بۆ كوردستان) لە نووسینی كۆچكردوو مامۆستا مەلا محەمەدئەمین گویزلێنگەیی، پێشمەرگە و كەسایەتی سیاسی و فەرماندەی دیاری هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و داستانی خواكورك و راپەڕینی ساڵی 1991 كەوتە بەردیدی خوێنەران.
رۆژ محەمەد ئەمین، كوڕی نووسەری كۆچكردوو، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەم پەرتووكە باس لە بیرەوەری و خەباتی باوكم واتە نووسەری پەرتوكەكە دەكات، لە سەرەتای دەستپێكردنی خەباتی سیاسی و چەكداری خۆی لەنێو رێزەكانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان تاكوو ساڵی 2020، هەروەها لە پاڵ بیرەوەرییەكانی نووسەر، ئەم پەرتووكە زۆربەی هەرە زۆری رووداوە سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتیەكانی ئەو قۆناغەشی لەخۆ گرتووە كە نووسەر تێیدا ژیاوە، كە لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوولەوە دەست پێ دەكات تاكوو ڕاپەرینی بەهاری 1991 كە لەناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا روویان داوە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لەبەرئەوەی نووسەر خۆی لە زۆربەی رووداوەكانی ئەو قۆناغەی خەباتی سیاسی و چەكداریدا بەشداریی كارای هەبووە، بیرەوەرییەكانی وەك سەرچاوەیەكی رەسەن خۆی دەخزێنێتە نێو كتێبخانەی كوردی. دڵنیام دەبێتە یەكێك لە سەرچاوەكانی ساغكردنەوەی ئەو رووداوانەی بە درێژایی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان روویان داوە".