"وێڕاى قەیرانى دارایی و پەتاى کۆرۆنا جموجۆڵى بازرگانى لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکى باشدایە"
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

"وێڕاى قەیرانى دارایی و پەتاى کۆرۆنا جموجۆڵى بازرگانى لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکى باشدایە"

سەرۆکى یەکێتیى هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وێڕاى قەیرانى دارایى و بڵابوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا، جموجۆڵى بازرگانى لە ئاستێکى باشدایە و ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیی تۆمارکراون.

مستەفا عەبدولرەحمان، بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "بە هۆى ئەو ئاسانکارییانەى لەلایەن حکوومەتى هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەبەرهێنەران کراوە، ساڵى رابردوو ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە بەهۆیانەوە هەلى کار بۆ ژمارەیەکى زۆرى گەنجانى رەخساوە، ئەمە وێڕاى ئەو قەیرانە داراییەى رووى لە هەرێمی کوردستان کردووە و پەتاى کۆرۆناش هێندەى دیکە دۆخەکەى سەخت کرد".

راشیگەیاند: "تەنیا لە پارێزگاکانى دهۆک و سلێمانى زیاتر لە 15 هەزار هەلى کار بۆ کارکەران رەخساوە، 1382 کارگەش مۆڵەتیان پێدراوە، بە بەهاى زیاتر لە 4 تریلیۆن دیناریش کاڵا و کەلوپەل لە سنوورەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە کراون".

ئەوەشى خستەڕوو" تا دێت بزاوتى ئابوورى و بازرگانى لە هەرێمى کوردستان رووى لە زیادبوونە و ژمارەى کۆمپانیاکانیش بەرزدەبنەوە، بە جۆرێک ئێستا 30 هەزار و 222 کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لە حاڵەتى باشتربوونى دۆخەکەش کوردستان دەبێتە ناوەندێکى ئابووریى بەهێز لە ناوچەکە".