ئەمڕۆ دووشەممە كەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئێن تی ڤی"ی توركی ئاشكرای كرد دادگای ئیستەنبۆڵ بڕیاری داوە عەدنان ئۆكتار كەسایەتی ناسراوی توركیا و بانگخوازی ئیسلامی بۆ ماوەی یەك هەزار و ٧٥ ساڵ زیندانی بكات.
بە پێی هەواڵەكە، عەدنان ئۆكتار چەندین تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان و ڕفاندنیان و دەستبەسەركردنیانی بەسەردا ساخ بووەتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگای ئیستەنبۆڵ دوای ئەوە دێت كە ئۆكتار لە مانگی تەمووزی 2018وە بە چەندین تۆمەتی تاوانی ڕێكخراوەوە خرایە زیندانەوە، لەوانەش بەكارهێنانی ئایین و جوڵاندنی هەستی خەڵك بە شێوازی ساختە و پێشێلكردنی تایبەتمەندیی تاكەكەسیی خەڵك و ساختەكردنی بەڵگەنامەكانیان.
جێی باسە لە پاڵ عەدنان ئۆكتاردا، دادگاكە بڕیاری سزادانی بەسەر 236 تاوانباری تریشدا سەپاندووە، كە هەریەكەیان سزای جیاوازیان هەیە.