كوردستان و كورد لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كوردستان و كورد لە مێژوودا

1

چۆن لە مێژووى كوردستان و كورد بڕوانین؟


یەكێك لەو بابەتە گرنگ و هەستیارانەی، تا ئێستا پێویستیان بە گەڕان و پشكنین و لێكۆڵینەوەیەكى زانستیی ورد هەیە، مێژووى كوردە لەسەر خاكی كوردستان. یان بە واتایەكی فراوانتر و گشتگیرتر (كوردستان و كورد لە مێژوودا). هۆیەكەش ئەوەیە، كە تا ئێستا وەك پێویست ئاوڕ لە تەواوی لایەنەكانی ئەو مێژووە نەدراوەتەوە.

لەوانەیە ئەو حاڵەتەش ئاسایی بێت، چونكە هیچ خاك و نەتەوە و پێكهاتە و ئایینێك نەبووە و نییە، مێژووەكەى تەواو بێت و لێكۆڵینەوەی وردی لەسەر كرابێت. یان لانی كەم زانیارییەكان چووبنە قووڵایی مێژوویى ئەو خاك و نەتەوە و پێكهاتە و ئایینانە، بەڵام ئاسایی نییە، بۆ نەتەوەیەكی وەك كورد لەسەر خاكەكەی خۆى (كوردستان)، سەربارى ئەوەی چەندین كەلێنى گەورە لە مێژووییەكەیدا هەیە، زانیاری لەسەر شێوەی ژیان و لایەنە شارستانییەكانی بە شاراوەیی و نادیارى مابێتەوە.

ئەمە جگە لەوەى، تۆمارەكانى مێژووەكەشى نەبووەتە چەندین ئەزموونی مێژوویی بۆ هەر تاكێکی كورد، بە سەرجەم پێكهاتە ئایینى و كۆمەڵایەتییەكانییەوە! لەوانەش سەرنجڕاكێشتر ئەوەیە، كە هەندێك بپرسن، كە چۆن مێژووى كورد نەنوسراوەتەوە و چۆنیش نەبووەتە چەندین ئەزموونى مێژوویی بۆ كورد؟ ئەی ئەوە نییە هەزاران تۆماری مێژوویی لەسەر كورد و ڕووداو و بەسەرهات و میر و دەسەڵاتدارەكانى و چەندین لایەنی شارستانیی كورد نووسراوە؟ ئەوە نییە سەدان نامەی زانستى لەسەر چەندین لایەنی ژیاری كورد و خاكەكەی كراوە؟ ئەمەو جگە لە هەوڵى ئەو خۆرهەڵاتناس و نەتەوە و دەوڵەتانەی كوردستانیان وەك خاك بەسەردا دابەش كراوە؟ خۆ ئەگەر بەشێك لەو تۆمارانەش جێگاى گومان و پرسیار بن، ئەوا لانى كەم لایەنە نەرێنییەكانی ئەو مێژووەیان خستووەتە ڕوو.دیارە مێژووش بە هەردوو دیوە ئەرێنى و نەرێنییەكەیەوە مێژووە، نەك ئەوەى تەنیا لەلایەن خودی نەتەوەكەوە وەك شانازى نووسرابێتەوە.

لەم دەلاقەیەوە و بۆ واڵاكردنى دەروازەیەكی نوێ بە ڕووى مێژووى كورد و خاكەكەی و بە شیكارێكی زانستییانەی مێژوویى، ئەم زنجیرە لێكۆڵینەوەیە ئامادە كرا. ئامانج لێى، نووسینەوەی مێژووى كوردستان و كوردە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، تا بە ڕۆژگارى نووسینەوەی ئەم كارە دەگات. بۆ ئەو هەوڵەش پشتمان بە سەدان سەرچاوەی جیاواز و فرە بۆچوون، بە چەندین زمانی جیاجیا بەستووە، تا لە كۆى تۆماری ئەو سەرچاوانە، بە تۆمارێكی نزیك لە ڕاستیی مێژوویی بگەین.

دیارە كە دەنووسین (نزیك لە ڕاستی) لەسەر ئەو باوەڕەیە، كە ڕاستیی تەواو لای هیچ كەس و كۆمەڵ و نەتەوە و ئایینێك نییە، بەڵكوو لای پەروەردگاری باڵادەستە. هەر بۆیە، یەك نووسین نەبووە لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا بە ئێمڕۆ و تەنانەت بە ئایندەش دەگات، بێ خەوش بێت و لە هەڵە و كەموكوڕى و بۆچوون و زانیاریی ناڕاست بەدەر بێت.

لەلایەكی دیكەوە، نابێت ئەوەش نادیدە بگرین، كە لەگەڵ ئەوەی تۆمارەكانی ئەم زنجیرە لێكۆڵینەوە مێژووییە پشتئەستوورن بە سەدان سەرچاوەی مێژوویی، بەڵام بەو مانایە نییە، ئەمەش بێ خەوش و بێ هەڵە و جێگاى ڕەزامەندیی هەموان بێت، بەڵكوو گەیشتنى بەندەیە وەك پسپۆڕێكی مێژوو بە مێژووى كوردستان، وەك خاك و كورد، وەك نەتەوە لەسەر ئەو خاكە، یان لە هەر شوێنێكی سەر ڕووی ئەم زەمینە بوونى هەیە.

ئەوەندەش بڕوامان بە خۆمان هەیە، كە بێ لایەنگری بۆ خاك و نەتەوەكەمان، كۆمەڵێك زانیاریی مێژوویمان خستبێتە ڕوو، تا خزمەت بە كۆى نووسینەوەی مێژوو بە گشتى و مێژووى كورد بەتایبەتى بكات. بە هیوای ئەوەشین، كارەكەمان لە ئاست گەورەیی زانستى مێژوودا بێت.

خاڵێكى تریش ئەوەیە، كە كۆى گشتیى ئەم تۆمارانە، ئەوەندەی شیكاری مێژوویین، ئەوەندە ریزكردنى دەق و زانیاریی مێژوویی نین. واتە كارێكە بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی كوردستان و كورد بە شێواز و خوێندنەوەیەكی نوێ، نەك دووباربوونەوە و چەند بارەبوونەوەی هەوڵەكانى پێشوو، بەڵام بە شێوازێكی زانستى.

كاتێكیش باس لە زانستیبوونی بابەتێك دەكرێت، مەبەستمان تەنیا ئەوە نییە، ئاماژە بە سەرچاوەكانی هەر دەق و زانیارى و تۆمارێك كرابێت، وەك لە نامە زانستییەكانی ماستەرنامە و تێزى دكتۆراكاندا كارى لەسەر كراوە و دەكرێت، بەڵكوو مەبەستمان ئەوە بووە، بە زانستی بۆ ڕووداو و كاراكتەرەكانی مێژوو بڕوانین و شەن و كەوی تۆمارەكانیان بكەین.

هەر بۆیە ئەوەندەی بۆمان كراوە و بە پێویستمان زانیوە، مێژووى كوردستان و كوردمان لە بەرەبەیانی مێژووەوە خسووەتە ڕوو. هەروەها خۆمان لە زێدەڕۆیی و پیاهەڵدان بواردووە و وەك ڕەخنەگرێكی بنیاتنەر كارمان لەسەر كۆی مێژووى كوردستان و كورد كردووە، نەك تێكدان و شێواندنى مێژووەكەى، وەك نەیارانی كوردستان و كورد كردوویانە. بۆیە ئەم كارەش هەوڵێكى ترە بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو تێكدان و شێواندانە، لەپاڵ ئەو كارە چەواشەكارییانەی بەرامبەر مێژووى كوردستان و كورد كراوە.