بەقسەت نەكردم تا بە دەفتەرێك و 20 وەرەقە بیكڕیت!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەقسەت نەكردم تا بە دەفتەرێك و 20 وەرەقە بیكڕیت!

چوارپێنج ڕۆژی ڕابردوو لە سلێمانی بووم، كە ناوە ناوە دەچمەوە سلێمانی جگە لە خۆشتنێكی بەیانیانی حەمامی سەرچنار، دواتر شیشێك برژاوی لای عومەری عەینە یان دوو شیش كەبابی لای وەستا جاسمی تەوێڵە و ئینجا دوو چای لەسەریەكی چایخانەی شەعب، حەز لەوەش دەكەم كە كەسانی شار لە خاوەن پیشە جیاجیاكان ببینم و لەنزیكەوە گوێیان لێ بگرم بزانم لەنێو خۆیاندا باسی چی دەكەن و ئنجا لەسەر بابەتەكانی ڕۆژ لەگەڵیان بدوێم و ڕای خۆیشم بڵێم.

من بۆیە ئەمە دەكەم چونكە ئەوەی لە فەیسبووك و پەیجە شەخسیەكان و بەشێكی زۆر لە ڕاگەیاندنەكان دەگوترێن، یان شەڕە قسەن یان زانیاریی ھەڵبەستراو و بێبنەمان، یان زانیاریی دەستكاریكراون، واتە شێوێنراو.

لەناو بازاڕ و لای برادەرێكی خۆم دانیشتبووم، یەكێكی ئەھلی بازاڕ ھاتە ژوورەوە و بەو برادەرەمی گوت: ”دوو ھەفتە پێش ئێستا چەندم پێ گوتی بڕۆ یەكێك لەو مارسیدسە مۆدێل دوو ھەزار و چواردانە بە دەفتەرێك و 20 وەرەقە بكڕە بەقسەت نەكردم، فەرموو ئێستا بووە بە دەفتەر و نیوێك“، منیش ھەروەك فزووڵیی ڕۆژنامەنووسێك و ھەر بە زمانی خۆیان خۆم كرد بەناو باسەكەدا و گوتم: ”باشە چۆن مارسیدسێكی مۆدێل 2014 و كامل مواسەفات بە دەفتەرێك و 20 وەرەقەیە؟ ئەم مارسیدسانە كێ ھێناونی و لە كوێن و ھی كێن؟“

ئەویش گوتی: ”ئەوە لەو مارسیدسانەن كە بە قاچاخ دەھێنرێن، ئەو مارسیدسانەن كە لە قاعەكانی لای عەربەت شاردرابوونەوە!“ منیش گوتم: ”باشە ئەی چۆن ڕەقەم دەكرێت و چۆن دەتوانیت بەو ئۆتۆمۆبێلانەوە بگەڕێیت؟ ئەی كەس ناتگرێت؟ كەس ناڵێت ئەمە چیە؟“ ئەویش گوتی: ”نەخێر، چونكە ھەموو كەس دەزانن ئەو ئۆتۆمۆمبێلانە كێ دەیانھێنێت و بۆ حسابی كێ ساغ دەكرێنەوە! لەبەر ئەوە ناوێرن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بكەن كە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیان پێیە، خۆ ئەگەر جامی ڕەش بكەیت و دەمانچەیەكت پێ بێت ئەوە چۆن دەڕۆیت بڕۆ!“

ئینجا گوتم: ”باشە ئەی بۆچی نرخی ھەر دانەیەكیان لە ماوەی دوو ھەفتەدا سێ ھەزار دۆلاری چووەتە سەر؟“ گوتی: ”نازانم بەڵام ڕەنگە زیاتریش گران ببێت!“ یەكێكی تر ھەڵیدایە و گوتی: ”ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت كە تەرتیبی ئەوەشیان كردبێت بە ئاسانی ژمارەیان بدەنێ!“، بەڵام من لای خۆمەوە ھۆكارێكی تر بەخەیاڵمدا ھات، ئەویش ئەو بڕیارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوو بۆ دروستكردنی ھێزێكی ھاوبەشی پێشمەرگە و ناوخۆ، بۆ ئەوەی بچنە سەر مەرزەكان و كۆنترۆڵی قاچاخچێتی و كاری نایاسایی بكەن، ڕەنگە دوای دەستبەكاربوونی ئەم ھێزە، ئیتر قاچاخچیەكانی سەر ئەو مەرزانە ئەو دەرفەتەیان نەمێنێت كە بەلێشاو ئۆتۆمۆبێل بە قاچاخی بھێنن و لە قاعەكانی نزیك عەربەت و ناو چەم و شیوەكانی خۆیان بیشارنەوە و دواتر یەك یەك و دوو دوو لەڕێگەی دەڵاڵەكانی خۆیان ساغیان بكەنەوە.