بەرگی ٩و ١٠ی (فەرهەنگی زارەکیی موکریان) چاپ و بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرگی ٩و ١٠ی (فەرهەنگی زارەکیی موکریان) چاپ و بڵاو کرایەوە

هەردوو بەرگی ٩ و١٠ی (فەرهەنگی زارەکیی موکریان) لە نووسینی سەلاح پایانیانی نووسەر و توێژەری کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن «خانەی موکریانی» لە هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) بەرگی نۆیەم کە تایبەت بە پیتی «س» ۷۹٥ لاپەڕەی وەزیرییە. د. محەمەد خزری‌ئەقدەم لە بەشێک لە پێشەکییەکی تێروتەسەلدا دەڵێت:

"ئەم فەرهەنگە کە لەسەر داروپەردووی پاشەواری پێشینان ڕۆ نراوە و بە تانوپۆی ویستێکی زانستخوازانەی شێوازمەندەوە تەنراوە، چوار کەڵک و کاری سەرەکیی ئەدەبی، زمانی، فێرکاری و ئەنترۆپۆلۆژیکی لە ئامێزدایە و لە سۆنگەی ئەم تایبەتمەندی و کارکردانەشە کە دەبێ بڵێین فەرهەنگی زارەکیی موکریان هۆی داوەتەوە و هەتا ئێستاش لفە و دووانەکەی پێی نەناوەتە سەر ڕووی دنیایە؛ بۆیە نە دەكرێ ئەم کارە بچێتە بەراوردکێی هیچ شتێکی تر و نە هیچ فەرهەنگێکی تریش بخرێتە پارسەنگی؛ کەوابوو دەبێ چاو لە ڕێگای هاتنی کارێکی هاوشێوە بین و جا ئەو کاتی باسی پێک‌گرتن و سەنگاندنێ بکەین".

بەرگی ١٠ پیتەکانی «ش، ع، غ، ف» لەخۆ دەگرێت و ۹٥٨ لاپەڕەی وەزیرییە. د. حەمید حەسەنی(فەرهەنگ‌نووس) لە بەشێک لە بۆچوونەکانیدا دەڵێت: "کاری وشەناسیی مەیدانی زۆر سەخت و تاقەتپرووکێنە. لەم بوارەدا تۆژەرانی ئەورووپایی، وەک «دەیڤید نیل مەکێنزی»، «ئۆسکار مان» و «ویلھێلم ئایلێرس» ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتووەتەوە. «فەرھەنگی زارەکیی موکریان»، نەک ھەر لەناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوین‌دا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر تۆژینەوەی مەیدانییە.  «پایانیانی» ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی، لە تۆژینەوەکانی ڕۆژھەڵاتناسیدا بردووەتە ڕیزی نەمرانه‌وه".

پێشتر ٨ بەرگی دیکەم لە فەرهەنگە لەلایەن (خانەی مەکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە) چاپ و بڵاو کراوەتەوە و هەر بەرگێکی یەکێک لە نووسەر و توێژەرانی کورد پێشەکییان بۆی نووسیوە و بە یەکێک لە گرنگترین فەرهەنگەکانی کورد لە بواری ئەدەبی زارەکی دێتە ئەژمار.

توێژەر و فەرهەنگنووس سەلاح پایانیانی، جیالە پرۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان (فەرهەنگی ئەلفبێ) هاوکات لەو پەیوەندییەدا چەند بەرگی دیکەی لە کولتوور و کەلەپوور و دابونەریتی ناوچەی موکریانی لە چەند بەرگێکدا بەناوەکانی: "خوردوخۆراک، خشڵ و جلوبەرگی ژنان" کە چاپ و بڵاو کراونەتەوە و لە داهاتووشدا دوو بەرگی دیکە لەژێر ناوی"کشتوکاڵ و ئاژەڵداری" چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

بۆ هەر بەرگێک لە "فەرهەنگی زارەکیی موکریان" چەند نووسەر و شارەزایەک پێشەکییان بۆ نووسیوە بۆ وێنە کتێبی "خورد و خۆراک"دا د. جەعفەری شێخولئیسلامی لە پێشەکیی ئەم بەرگەدا لەژێر ناوی "زمان وەکوو جەستە، ئاوێنە و ئایدیۆلۆژی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا"، بە تێروتەسەلی و زانستییانە فەرهەنگەکەی شی کردووەتەوە و حەقی خوی داوەتێ. نووسەری پێشەکییەکە، چەمکی "زمانناسیی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسیی زمان"ی باس کردووە. لە بەشەکانی دیکەدا "زمان و دیالێکت"، "گوتار"، "شیکاریی ڕەخنەگرانەی گوتار"، "ئایدیۆلۆژی" و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی هێناوەتە بەرباس.

سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرھەنگ‌نووسی کورد، ٢٠ی خاکەلێوە‌ی 1357ی هەتاوی مانگی نیسانی (1979ی زایینی) لە شاری مەھاباد لەدایک بووە و ئێستا بەڕێوەبەری "سەرای ھێمن" کە مۆزەخانەیکی فەرهەنگییە. سەلاح پایانیانی زیاتر لە بیست ساڵە بێوچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگنووسیی زمانی کوردی داوە و کۆمەڵێک بەرھەمی بەپێزی پێشکەش کتێبخانە و نەتەوەی کورد کردووە. ئه‌م نووسەره تا ئێستا ٨بەرگی فەرهه‌نگی زارەکیی موکریان،  تاکوو ئیستا ئه‌دەبیاتی زارەکیی ژنانی موکریان (یەک بەرگ) و ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵانی موکریان (دوو بەرگ) و کتێبی بەیت و باوی ناوچەی موکریانی بەناوی "کانی مرادان"ی چاپ و بڵاو کردووەته‌وە.