کتێبی (پەرەسەندنی بیری جوگرافیا و فەلسەفەی جوگرافیا) چاپ و بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کتێبی (پەرەسەندنی بیری جوگرافیا و فەلسەفەی جوگرافیا) چاپ و بڵاو کرایەوە

نووسەر د. ھاوڕێ یاسین، شازەیەمین کتێبی خۆی بەناوی (پەرەسەندنی بیری جوگرافیا و فەلسەفەی جوگرافیا) چاپ و بڵاو کردەوە.

لەو بارەیەوە، د. ھاوڕێ یاسین نووسەری کتێبەکە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئەو کتێبە ٥١٠ لاپەڕەیە و لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاپخانەی (کارۆ) ی شاری سلێمانی چاپ کراوە".

گوتیشی: "کتێبەکەم لە ماوەی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا و بە سوودوەرگرتن لە کاتی کەرەنتینە نووسیووە و کە بابەتێکی فکری و فەلسەفییە و ھەموو خوێنەرێک دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت و پێکھاتووە لە پێشەکی و ١٧ بەشی سەربەخۆ وەک (پەیدابوونی جوگرافیا و زانستی جوگرافیا، مێژووی پەرەسەندنی جوگرافیا لە کۆنەوە تا یۆنان و رۆمان، جوگرافیا لە سەدەکانی ناوەڕاست و دۆزینەوە جوگرافییەکاندا، دۆزینەوە جوگرافییە کۆنەکان و سەفەرنامەنووسەکان، جوگرافیا لە رێنێسانسەوە تا سەدەی ھەژدەیەم، جوگرافیای نوێ لە ئەڵمانیا، جوگرافیای نوێ لە فەڕەنسا، جوگرافیای نوێ لە بەریتانیای گەورە، جوگرافیای نوێ لە ڕووسیا و یەکێتیی سۆڤێتی جاران، جوگرافیای نوێ لە ئەمریکای باکوور، قوتابخانەی جەبرگەرایی (حەتمی) و قوتابخانەی ئەگەری (توانایی)، ‌لێکۆڵینەوە جوگرافییەکان، لێکۆڵینەوەی مەیدانی و خوێندنەوەی نەخشە، جوگرافیای مرۆیی لە کۆتایی سەدەی بیستدا، قوتابخانەی جوگرافیی ئیکۆلۆجی، قوتابخانەی جوگرافیایی رەخنەیی و سەردەمی جوگرافیای نوێ).

ھاورێ یاسین باسی لەوەش کرد:"  لەبەشێکی ناوەرۆکی کتێبەکە باس لەیەکەم نەخشەی تۆبۆگرافی لەجیھان دەکەم کە نەخشەی کوردستانیش لە خۆی دەگرێت".

ھاوڕێ یاسین جگە لە نووسینی دەیان ڕاپۆرت و بابەتی ڕۆژنامەوانی و ئەو کتێبە نوێیەی، پازدە کتێبی دیکەشی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە زیاتر لە بواری جوگرافیدان و یەکێکیان کتێبێکە لەبارەی جوگرافیا و سنووری ھەرێمی کوردستان.