چین کاتی پێشوازیکردن لە تەندروستیی جیهانی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆرۆنا دیاری دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چین کاتی پێشوازیکردن لە تەندروستیی جیهانی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆرۆنا دیاری دەکات

وەزارەتی تەندروستیی کۆماری میللیی چین کاتی پێشوازیکردن لە شاندی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەتای کۆرۆنا، دیاری دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 11-1-2021، وەزارەتی تەندروستیی چین رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە 14-1-2021 شاندەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە چین دەست بە کارەکانی دەکات.

ئەرکی ئەو شاندە، کە بە نیازبوون هەفتەی رابردوو سەردانی چین بکەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی چین ڤیزایان بە ئەندامانی نەدا، لێکۆڵینەوەیە لە چۆنێتیی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا.

لە کۆتایی ساڵی 2019، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و دواتر بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئەو ڤایرۆسەی بە پەتایەکی جیهانی ناساند.

تا ئێستا 90 ملیۆن و 744 هەزار و 114 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی ئەو پەتایە بوون و لەو ژمارەیەشدا، یەک ملیۆن و 944 هەزار و 576 کەس گیانیان لەدەست داوە.

تا ئێستا چۆنێتیی سەرهەڵدانی کۆرۆنا بە تەواوی روون نییە، ئەمریکا ئەو وڵاتە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە ئەنقەست ئەو ڤایرۆسەی دروست کردووە و چینیش ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە.