ئەمریکا حزبێکی دیکەی نزیک لە ئێران دەخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمریکا حزبێکی دیکەی نزیک لە ئێران دەخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان

ئەمریکا بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن دەخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.

درەنگانی شەوی یەکشەممە 10-1-2021، ئیدارەی ئەمریکا حوسییەکانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بێگانە، ناساند.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بە ئامانجی لێپرسینەوە و سزادانی حوسییەکان بەهۆی هێرشەکانیان لە دەرەوەی سنوور، کە خەڵکی مەدەنی و ژێرخان و گواستنەوەی دەریایی دەکەنە ئامانج، نراوە.

مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، جگە لەوەی حوسییەکان وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی ناسێندرا، هەر سێ سەرکردەی دیاری حوسییەکان عەبدولمەلیک حوسی، عەبدولخالق بەردەرین حوسی و عەبدوڵڵا یەحیا حەکیم، خراونەتە لیستی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان  پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.