گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زانیاری نوێ سەبارەت بە دامەزراندنی سێ وێستگەی کارەبا کە بە وزەی خۆر کاردەکەن دەخاتە ڕوو.
ئومید ئەحمەد، بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کارەکانی دامەزراندنی سێ وێستگەی کارەبا کە بە وزەی خۆر کار دەکەن قۆناغی باشی بڕیوە و دوای تەواوبوونی وردەکارییەکان،بە ھەندێ مەرج و ڕێنماییی دەدرێتە کۆمپانیای جێبەجێکار".
گوتیشی: "وێستگەکان ھەریەکەیان ٢٥ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن و لەھەریەکە لە پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک دادەمەزرێن و بەھۆیەوە بەشێکی بەرچاوی خواستی کارەبای ھاووڵاتییان پڕدەکەنەوە".
ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "بەدەر لەوەش کۆمپانیایەکی بەڕیتانی بەنیازە وێستگەیەکی ١٦٥ مێگاواتی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دابمەزرێت کە وێستگەکە بەو غازە ئیش دەکات کە لە دەرھێنان و سووتانی نەوتی کێڵگەکان بەرەو ئاسمان دەڕوات و بەفێرۆدەچێت کە ئەوەش سوودێکی باشی ھەیە و بەوهۆیەوە ھەم ژینگەی ناوچەکە پاکدەبێتەوە ھەمیش سووتەمەنی وێستگەکە بەبێ تێچووییەکی ئەوتۆ دابین دەکرێت".