گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و جیاکردنەوەى لە بەرهەمى هاوردەکراوى وڵاتان، بارکۆد و لۆگۆى تایبەتى وەزارەتى کشتوکاڵى لێدەدرێ.
حوسێن حەمەکەریم، بە(باسنیوز) ى راگەیاند: "بە ئامانجى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆی کوردستان وەکو مریشکى سەربڕخانە و پارچەکانى مریشک، جیاکردنەوەیان لە بەروبوومى هاوردەکراوى قاچاخى وڵاتان، بارکۆد و لۆگۆى تایبەتى وەزارەتى کشتوکاڵى لێدەردێ، پڕۆژەکە ئامادەکارییەکانى تەواو کراوە لەلایەن لێژنەیەکى تایبەتەوە".
راشیگەیاند: "بۆ گفتوگۆکردن لە بارەى پڕۆژەکە بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا بکات، دواى گەڕانەوە لە بەغدا پڕۆژەکە دەچێتە بارى جێبەجیکردنەوە،لەمەودوا ئەو مریشکانەى لە سەربڕخانەکانى هەرێمی کوردستان سەردەبڕێن و دەخرێنە بازاڕەکانەوە لە مریشکى هاوردەکراو جیادەکرێنەوە".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" لە هەرێمى کوردستان دە سەربڕخانە و زیاتر لە هەزار و 600 پڕۆژەى بەخێوکردنى مریشکى گۆشت هەن،بەردەوام ژمارەى پڕۆژەکانیش لە زیادبووندان، ئەگەر پڕۆژەکان بەتەواوى رێک بخرێنەوە دەتوانن پێداویستى ناوخۆى هەرێمى کوردستان پڕبکەنەوە".