ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکیی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند پێداچوونەوە بە دۆسیەى خانەنشینانى پلە باڵاکانى هەرێمى کوردستان دەکرێت، هەر کەسێک شایستە نەبێ مووچەکەى دەبڕدرێ.
سەعید هەرکى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "قۆناغى یەکەمى یاساى چاکسازى جێبەجێ کرا، کە بەو هۆیەوە مووچەى زیاتر لە 26 هەزار کەس بڕدرا ئەوانەى کە زیاتر لە جارێک سوودمەند ببوون لە حکوومەت، بەمنزیکانەش قۆناغى دووەمى چاکسازى دەچێتە بارى جێبەجێکردنەوە کە بەهۆیەوە پێداچوونەوە بۆ دۆسیەى تەواوى ئەو کەسانە دەکرێت بە پلەى باڵا یان پلەى تایبەت خانەنشین کراون و شایستە نین"
راشیگەیاند: "لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 3 هەزار کەس بە پلەى تایبەت و پلەى باڵا خانەنشین کراون بە خانەنشینى شارستانی و سەربازییەوە، لەو لیستانەى کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە دەرکەوتووە، کەسانێک بە پلەى لیوا خانەنشین کراون، کەچى یەک رۆژیش پێشمەرگە نەبووە، هەیە بە سەرۆکوەزیران خانەشین کراوە و سەرۆکوەزیران نەبووە".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" دواى تەواوکردنى رێککارەکان حکوومەت بڕیار دەدات بە بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى بە پلەى باڵا و تایبەت خانەنشین کراون و شایستەى نین، ئەوانەى شایستە نین پلەى شایستەى خۆیان بۆ هەژمار دەکرێت، ئەوانەشى بە نایاسایی خانەنشین کراون مووچەیان دەبڕدرێت".