دوای 30 ساڵ دادگەی باڵای سویسرا بڕیاری ناردنەوەی خشتەکانی بۆکانی بۆ ئێران دەرکرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوای 30 ساڵ دادگەی باڵای سویسرا بڕیاری ناردنەوەی خشتەکانی بۆکانی بۆ ئێران دەرکرد

 مانا، شارستانیەتێکی دەستڕەنگین و هونەرپەروەر بووە لە دەوروبەری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەزار ساڵ بەر لە زایین لە کوردستان ژیاون و دروستکردنی خشت یەکێک لە هونەرەکانیان بووە، بۆیە خشتی سەردەمی ماناکان یەکێکە لە ناسراوترین خشتەکانی جیهان، کە لەناو مۆزەخانەکانی جیهان دەپارێزرێ.

دوای 30 ساڵ، 49 خشتی دەستكردی کوردی، کە لەنزیک بۆکان لە سەردەمی ماناکان دروست کراون، لە سویسراوە گەیاندرانەوە ناو مۆزەخانەکانی ئێران. ئەم خشتانە بەشێک بوون لەو خشتانەی 2800 ساڵ بەر لە ئێستا لە لایەن شارستانیەتی ماناکانەوە دروست کراون و بە نایاسایی ئاودیوی سویسرا کرابوون و 30 ساڵە لە دادگەکانی سویسرا دۆسێیان بۆ کراوەتەوە و دواجار لە بەرژەوەندیی ئێران، ئەو خشتانە رەوانەی ئێران کرانەوە.

بۆ یەکەمین جار پرۆفیسۆر ولفرام کلایسی ئەڵمانی، لە ساڵی 1977 لە وتارێکدا، دۆزینەوەی جوانترین خشتی جیهانی لە دەوروبەری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا کرد. ئەم پرۆفیسۆرە ئەڵمانییە یەکێک لەو شوێنەوارناسانەیە، زیاترین خزمەتی بە مێژووی کوردستان کردووە و بەدرێژایی ژیانی خەریکی توێژینەوە بوو لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان، وەک تاقۆسان، تەختی سلێمان لە رۆژهەڵات و چەندین شوێنی مێژوویی دیکە لە هەرێمی کوردستان.

دوای توێژینەوەکانی پرۆفیسۆر کلایس، ژمارەیەک شوێنەوارناس بە سەرپەرشتیی ئیسمایل یەغمایی، گەیشتنە شاری بۆکان و کەوتنە هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکانی شارستانیەتی ماناکان لە بۆکان و دەوروبەری، لە ئەنجامدا توانییان 200 خشتی ئەو سەردەمە بدۆزنەوە، لەگەڵ بەردەنووسێک بە خەتی ئارامیی کۆن، کە مێژوووەکەی بۆ سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و ئێستا لەناو مۆزەخانەی ئێرانی کۆن لە تاران پارێزراوە.

دواتر لە لایەن حکوومەتی ئێران، کەسێک بەناو حاجی فەرمان دەستگیر کرا و دەست گیرا بەسەر 170 خشت و بەشێک لە بەردەنووس بە خەتی ئارامی، کە بەشێک بوو لە شوێنەواری شارستانیەتی ماناکان، کە بە نایاسایی ئاودیوی دەرەوەی وڵات دەکران. ئەو شوێنەوارانە لە لایەن رەسووڵ بەشاش، شوێنەوارناسی ئێرانی و ئاندرە لوومری فەرەنسی وەرگێڕدرایە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان و ئاشکرایان کرد؛ ناوچەی قلایجی بۆکان، پایتەختی پادشای ماناکان بووە. دواتر مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێران لەبارەی ئەو خشتانەوە کتێبێکی بڵاو کردەوە.

شوێنەوارناسێکی دیکە بە ناوی عەلی مووسەوی، بەشێک لەو خشتانەی لە دووتوێی کتێبێکدا لە فەرەنسا بڵاو کردەوە. ژمارەیەک لە خشتەکانیش لەناو مۆزەخانەکانی ژاپۆن دەپارێزرێن و لەوبارەیەوە ژاپۆن بڵاڤۆکێکی بڵاو کردووەتەوە و کەس نازانێ ئەو خشتە کوردییانە چۆن گەیشتوونەتە ژاپۆن.

لە ساڵی 2008  گرووپێک شوێنەوارناسی ئێرانی بە سەرپەرشتیی بەهمەن کارگەر، توانییان 500 خشتی دیکە بدۆزنەوە، کە ئێستا لەناو مۆزەخانەی ورمێ دەپارێزرێن. گرنگیی ئەم خشتانە، کە مێژووەکەی هاوکاتە لەگەڵ خشتی ئاشوورییەکان لە میزۆپۆتامیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەو سەردەمەدا ئاشوورییەکان ویستوویانە هونەری نەتەوەکانی دیکە لەژێر هەژموون و کاریگەریی ئەواندا بێ، بەڵام کوردە ماناییەکانی ئەو سەردەمە هەوڵی پاراستنی شوناسی خۆیان داوە و هونەرێکی کوردانەیان لەو سەردەمە نەخشاندووە، کە جێی رامانی سەرجەم شوێنەوارناسانە و مۆزەخانەکانی جیهان بە تامەزرۆییەوە دەیانەوێ ئەو خشتانە لەناو مۆزەخانەکانیاندا نمایش بکەن.

ئەم خشتانە، کە نەخشی بزنە کێوی، باڵندە، رووەک و بوونەوەری ئەفسانەیی لەخۆ گرتووە، پیشاندەری ئەوەیە، هەزار ساڵ بەر لە زایینی مەسیح، کوردستان لانکەی هونەر و دەستڕنگینی بووە لە جیهان. 49 لەم خشتانە شەوی یەڵدا لە سویسراوە گەیەندرانەوە ئێران و رادەستی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێران کران و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا نمایش بکرێن.

No description available.