شوێنەوارەكانی ئایینی یارسان (كاكەیی) لە کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەوارەكانی ئایینی یارسان (كاكەیی) لە کوردستان

مێژووی دروستبوون و بڵاوبوونەی ئەم ئایینە بەتەواوی و بە وردی دیار نییە، واتە مێژوونووسان و ئایینناسان لەسەر مێژوویەکی دیاریکراو بۆ ئەم بابەتە هاودەنگ نین، بەڵام لە زۆربەی سەرچاوەکاندا ئەوە دێتە بەرچاومان، کە ئەم ئایینە یەکێکە لە ئایینە کۆنەکان و مێژوویەکی کۆنی هەیە لە كوردستان و پەیڕەوانی تایبەت بە خۆی هەیە.

کۆمەڵێک لە زانا موسڵمان و شیعەکان بۆچوونێكی وەها (بەمەبەست) دەخەنە ڕوو، گوایە ئەم ئایینە بەشێکی تایبەتە لە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەم گرووپە خۆشەویستییەکی تایبەتیان بۆ عەلی کوڕی ئەبی تالیب، کە پێشەوا و ئیمامی یەکەمی شیعەکانە، هەیە.

هەروەها کۆمەڵێکی تر لە زانایان رایان وایە، کە ئەم ئایینە کۆکراوەیەک لە شتە باشەکانی ئایینی زەردەشتی و مانەوییە، کە بەسوودوەرگرتن لە ئایینی ئیسلام و مەسیحی، پەرەیان پێداوە و بووە بە ئایینێکی جیاواز.

بەڵام لە حەقیقەتدا یارسان ئایینێکی جودا و سەربەخۆیە، کە پێش ئیسلام سەری هەڵداوە و بڵاو بووەتەوە، بەڵام لە سەدەی حەوتی کۆچییەوە گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.

هەرچەند ئەوە بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە، کە هەندێ لە بڕوا و کردەوە ئایینییەکانی پەیڕەوانی ئەم ئایینە بە کردەوە و بڕوای ئایینی زەردەشتی و ئیسلام دەچێ، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە کار و کردەوەی باش، پەیڕەو و پڕۆگرامی هەموو ئایینەکانە، چونکە کاری ئایین و بڕواداری ئەوەیە، کە مرۆڤایەتی بە کاری باش و خێر بانگهێشت و رێنموێنی بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە (سەرەنجام - کتێبی پیرۆزی یارسانەکان)دا هاتووە، ئایینی یارسان لە سەرەتای ئەفراندنی مرۆڤایەتیدا هەبووە و فێرکارییەکانی بە شێوازی راز و نهێنی لای پەیامبەران و هەڵبژاردەکانی خوا هەبووە و لە هەر سەردەمێکدا گوازراوەتەوە بە کۆمەڵێک کەسانی هەڵبژێردراو و باوەڕپێکراو، هەتا لە سەدەی حەوتی کۆچی، سوڵتان سەهاک، نهینییەکان بە شێوازی یاسا بە بڕوادارەکانی یارسان بڵاو دەکاتەوە، بۆیەش سوڵتان سەهاک بە رێکخەری رێکخستنەکانی ئەم ئایینە و کەسایەتیی یەکەم ئەژمار دەکرێ.

وشەی یارسان و چەمکی کاکەیی لە کوێوە هاتووە؟

یارسان لە دوو وشەی (یار) و (سان) پێکهاتووە، یار کە وشەیەکی کوردییە بە مانای هاوەڵ و هاوڕێ دێت و سانیش هەروەها لە هەر دوو زمانی کوردی و فارسیدا هەیە، کە بە کوردیی هەورامی واتای خوا و خولقینەری کائینات دێت و لە زمانی فارسیشدا وشەی سان بە واتای هاوتا و لێکچوو دێت.

وشەی کاکەیی لە وشەی (کاکە)ی کوردی واتە برا هاتووە و بە گوتەی چەندین سەرچاوە، چیرۆکەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەڵێن یەکێک لە گەورەکانی ئەم ئایینە لە کاتی دروستکردنی بینایەک، کۆڵەکەی کورت بووە و گوتوویەتی: کاکە درێژی کە. ئیتر بەپێی تێپەڕینی کات، ئەم وشەیە لەسەریان ماوەتەوە و خەڵکی دیکە پێیان گوتووە کاکەیی.

 ئەهلی حەق، کاکەیی:

پەیڕەوانی ئەم ئایینە، کە ئەهلی حەق و کاکەییشیان پێ دەگوترێت و لە هەندێ ناوچەش بە سارلی و تایفە و تایفەسان ناو دەهێندرێن، لە هەردوو باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێین، کە زیاتر سنوورێکی جیۆگرافیی دەستکرد و سیاسی لە یەک جودایان دەکاتەوە.

(صارلی) سارلی بە کۆمەڵێک لە یارسانەکان دەگوترێت، کە لە مووسڵ نیشتەجێن، ئەم ناوەش لەوەوە هاتووە، کە کاتێک بەشێک لە یارسانەکان لە ناوچەی شارەزوور بەرەو ناوچەی مووسڵ دەڕۆن و لەوێ نیشتەجێ دەبن، خانی مووسڵ بۆ ئەوەی سەرانە و باجی زیاتریان لێ وەرنەگرن، بە سارلی بانگیان دەکات واتە: لە خۆمانن.

بێجگە لەم ناو و ناسناوانەی، کە ئاماژەمان پێ دا، وشەیەکی دیکە هەیە، کە بۆ پێڕەوانی ئایینی یارسان بەکار دێت، ئەویش وشەی (ئەهلی حەق)ە. مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم ناسناوە ئەوەیە، کە پێڕەوانی ئەم ئایینە زۆربەی قۆناغەکانی شەریعەت و تەریقەتیان بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتەوە دوا قۆناغی سلووک، واتە حەقیقەت، هەر بۆیەش بە بڕوادارانی ئەم ئایینە دەگوترێت ئەهلی حەق.

هەڵکەوتەی جیۆگرافیای نیشتەجێبوونی یارسانەکان:

پێوەند بە بڵاوبوونەوەی جیۆگرافیی پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە کوردستان، دەبێ بڵێین، کە ئەمانە زیاتر لە ناوچەکانی هەورامانی هەر دوو دیو، هەڵەبجە و بەتایبەتی گوندی هاوار، کەرکووک و داقووق و خانەقین نیشتەجێن، بەڵام وەک خێزان و کۆمەڵگەی بچووک، دەکرێ لە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکان، خێزانی چەند کەسی یان چەند خانەوادەی بچووک بەیەکەوە بژین.

هێنری بایندر، کە گەڕیدەیەکی فەڕەنسییە و لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە سەردانی ئێران و وڵاتی نێوان دوو رووبار و کوردستانی کردووە، لە سەفەرنامەکەی، کە لە ساڵی ١٨٨٧ بە ناوی (لە کوردستان و پرشیا و نێوان دوو رووبار) چاپ بووە، ئاماژە بەوە دەکات، کە لە قەسری شیرین و کرماشان خەڵک زیاتر لەسەر ئایینی یارسان بوونە و ئەم خەڵکە کەسانێک بوون، کە تەداخولی ئایینی کەسیان نەدەکرد و رێزیان لە بیروبۆچونی ئایینیی خەڵکی دیکە دەگرت.

بێجگە لەو ناوچە کوردنشینەکان، کە باسمان کرد، یارسانەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان، وەک دێرسیم و سێواس، هەروەها ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای خوراسانی ئێران نیشتەجێن.

لە ئاستی دەرەوەی کوردستانی گەورە، پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە شارەکانی مووسڵ و بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق و کۆمەڵێکیش لە وڵاتی رووسیا لە ناوچەی (ئەلیزابێت پول)، هەروەها لە ئازەربیجان و تورکستان نیشتەجێین.

چیرۆکی لەدایکبوونی سوڵتان سەهاک:

باوکی سوڵتان سەهاک، شێخ عیسای بەرزنجە، لە کەسایەتییە ئایینی و زاناکانی ناوچەی بەرزنجە بووە، کە لە تەمەنی پیری بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، لەگەڵ کاروانێکی خەڵک بەرەو عەرەبستان سەفەر دەکات، بەڵام لە رێگا بەهۆی پیری و پەکكەوتوویی لە نزیک حەلوانی شارەزوور لە کاروانەکە دوا دەکەوێت و بەجێ دەمێنێت. ئەم رووداوە زۆر کاریگەریی لەسەری دەکات و خەمگین دەبێت، بۆیە دەست دەکاتە دوعا و نزاکردن و پاڕانەوە لە خوا، لەناکاو رووناکییەک لە ئاسمان دێتە خوارەوە و هەواڵێکی پێ دەگات، کە ئەی شێخی بەتەمەن، تۆ بوویت بە حاجی و چیتر پێویست ناکا سەردانی مەککە بکەی، بۆیە ئێستا بگەڕێوە بەرەو ماڵەکەی خۆت.

شێخ، دوای ئەوەی گوێ لەو پەیامە دەبێت بەرەو بەرزنجە دەگەڕێتەوە و لەوێ، لە ماڵەکەی خۆی دەبینێت، کە سێ دەروێش بە ناوەکانی پیر بنیامین، پیر داوود، پیر مووسا لەوێ دانیشتوون. شێخ بە رێزێکی زۆرەوە میواندارییان دەکات و پاش ماوەیەک لە مانەوەیان، دەروێشەکان داوا لە شێخی بەتەمەن دەکەن، کە ژن بهێنێت، بەڵام شێخ بەهۆی بارۆدۆخ و تەمەنەکەی داواکەیان رەت دەکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر ناچار دەبێت بە قسەیان بکات و رازیی بێت بۆ ژنهێنان.

هەر سێ دەروێش بۆ خوازبێنیی کچی حوسێن بەگی جاف، کە حاکمی ئەو کاتەی شارەزوورە دەچن، بەڵام حوسێن بەگ داواکارییەکەیان رەت دەکاتەوە و بەو کارە رازی نابێت، بەڵام دەروێشەکان لە پێش چاوی حوسێن بەگی جاف کۆمەڵێک کاری سەرنجڕاکێش دەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا ملکەچی داواکەی ئەوان دەبێت و رازی دەبێت بە شووکردنی کچی بە شێخ عیسا.

دوای ژنهێنان، دادە دایراکی هاوسەری سکپڕ دەبێت و کوڕێکی رووگەشی نوورانی لەدایک دەبێت، کە شێخ عیسا بۆ بینینی کوڕەکەی دەڕوات سەیر دەکات، کە ئەمە هەمان نوور بووە، کە لە بیابان و کاتی رۆیشتنی بۆ حەج بینیویەتی، دەیەوێ ئەم بابەتە بۆ ئامادەبووان باس بکات، بەڵام زمانی دەگیرێت و هەر لەو کاتە رۆحی دەردەچێت.

کەسایەتیی سوڵتان سەهاک

سوڵتان سەهاک، یان سوڵتان ئیسحاق (٧٩٨ - ٦٧٥ کۆچی قەمەری) لە ساڵی ١٢٧٦ی زایینی لە گوندی بەرزنجەی سەر بە شاری سلێمانی لەدایک بووە، ناوی دایکی خاتوون دایراک و باوکی شێخ عیسا بەرزنجی، سەرۆکی شێخەکانی تەریقەتی قادری بووە، کە خاوەن خانەقا و مورید بووە.

لە دوای کۆچی دوایی باوکی، دەروێشەکانی تەریقەتی قادری لە دەوری سەهاک کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی رێبەرایەتییان بکات، بەڵام لە لایەن براکانییەوە تووشی دژایەتی دەبێت، بۆیە لە گوندی بەرزنجە بەرەو گوندی شێخانی هەورامان تەخت کۆچ دەکات و هەر لەوێ لە ساڵی ١٣٩٥ی زایینی کۆچی دوایی دەکات و بە خاک دەسپێردرێت.

 دابەشبوونی چینایەتیی ئایینی لە ئایینی یارسان

لەناو ئایینی یارساندا جۆریک لە دابەشبوونی چینایەتی بۆ یارانی سوڵتان سەهاک هەیە، کە بەپێی پایە و باڵادەستی بەم شێوەی خوارەوە دابەش دەبن:

چوار مەلائیکە: بریتیین لەو چوار کەسایەتییە ئاینییە بە ناوەکانی داو کەوسوار، پیر بنیامین، پیر مووسا، موستەفا داوان، کە پێڕەوی باوەناس بوون و بەدوای بیستنی موژدەی لەدایکبوونی سوڵتان سەهاک بەرەو بەرزنجە دەڕۆن. ئەمانە بەشێک لەو حەوت کەسایەتییە بوون، کە بە یەکەمین کەسەکانی دادەنرێن، کە باوەڕیان بە سوڵتان سەهاک هێناوە.

هەفتەن، یان هەفت تەن، کە پێکهاتوون لە پیر بنیامین، داو کەواسوور. پیر مووسا، مستەفا داوان، رەزبار، شا ئیبراهیم و بابە یادگار، ئەمانە حەوت کەسایەتیی گەورەن لە ئایینی یارسان، کە بەپێی باوەڕی یارسانەکان رۆحی حەوت فریشتە لە گیانیاندا بووە و لە هەر سەردەمێک لە جەستەی حەوت کەس سووڕاونەتەوە.

هەفتەوانە یان هەفتوانە، حەوت کوڕی سوڵتان سەهاکن، کە بە بڕوای یارسانەکان لە نووری خوا خۆلقێنراون.

 (هەفت خەلیفە، هەفت سازچی، هەفت ئاخێوەر، هەفت گۆزەچی، هەفت سەقا، هەفت پێشکار، هەفت فەرمان، هەفت هەفت، هەفت یاری قەوەڵتاس، هەفت سەردار، بیستویەک مێردی بەرزنجە، هەفتا و دوو پیر)، ئەمانە ئەو حەفتا و دوو کەسە بوون، کە لە هەورامان لەگەڵ سوڵتان سەهاک دیدار و وتووێژیان هەبوو.

 (نەوەد و نۆ پیر، شەست و شەش غوڵام، چلتەن، چلتەنان، هەزار و یەک مێرد، هەزار و شەست مێرد، بیوەن بیوەنەکان).

لەناو ئایینی یارساندا بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەک بۆ هەر پلە و پایەیەک، گرنگ نییە خەڵکی کوێ، یان چ پێوەندییەکی خوێنی و خزمایەتیت هەبێت لەگەڵ کەسانی پایەبەرز، بەڵکوو پێویستە کەسی شارەزا و خەمخۆر و بڕوادار بیت.