هونه‌رمه‌ندی ناوداری میسری هادی جه‌یار به‌هۆی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هونه‌رمه‌ندی ناوداری میسری هادی جه‌یار به‌هۆی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد

شه‌وی ڕابردوو‌ هادی جەیار، هونەرمەندی گەورەی بواری سینەمای میسری به‌هۆی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لهه‌رەمی ئەو وڵاتە له‌ ته‌مه‌نی 71 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

بڕیار وایه‌ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ؛ە‌ گۆڕستانی خێزانی خۆی له‌ شاری شه‌شی ئۆكتۆبه‌ر به‌ خاك بسپێردرێت.

جه‌یار له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوودا بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناو لە نەخۆشخانە خەوێندرا و هاوکات له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگی دواییدا نه‌شته‌رگه‌ریی كردنه‌وه‌ی دڵیشی بۆ كرابوو.

پێشتر، هادی جه‌یار له‌ فه‌یسبووكی خۆی تووشبوونی خۆی به‌ كۆرۆنا راگه‌یاندبوو و گوتبووی تووشی پەتای كۆرۆنای نه‌فره‌تی بوومه‌ و له‌ دوعا و نزاكانتان بێبه‌شم مه‌كه‌ن.

لەمبارەوە رۆژنامه‌ی" ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابع" بڵاوی کردووەتەوە ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میسرییه‌ به‌مدواییه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سینرجی كردبوو بۆ به‌شداری له‌ زنجیره‌ی درامای( ئه‌لئختیار)، كه‌ بڕیار وابوو له‌ مانگی ره‌مه‌زانی داهاتوودا نمایش بكرێت.

هادی جه‌یار، هونەرمەند و ئەکتەر ئەوکاتە‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌بی ناوبانگی ده‌ركرد، كه‌ هاوشانی عادل ئیمام و ئه‌حمه‌د زه‌كی و سه‌عید ساڵح و یوونس چه‌له‌بی به‌شداری له‌ شانۆگه‌ریی "مه‌دره‌سه‌ی مشاغبین" كردبوو، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا نمایش كرا.

هاوکات كارنامەی هونه‌ریی خۆی به‌ چه‌ندین زنجیره‌ی درامای ته‌له‌فزیۆنی سه‌ركه‌وتوو ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌، له‌وانه‌: "ئه‌لمال وه‌لبه‌نون"ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌بو عمیره‌ و "ئه‌لڕایه‌ ئه‌لبه‌یزا" له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌د فازیل و " ئه‌لئستوڕه‌" كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی محه‌مه‌د ره‌مه‌زان بوو، به‌ڵام دوایین كاره‌ هونه‌رییه‌كانی زنجیره‌ی" شدید ئه‌لختوره‌" بوو، كه‌ له‌ ساڵی 2020 نمایش كرا، كه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د عه‌وه‌ز و ریم مسته‌فا بوون.

جێی باسه‌ به‌مدواییه‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ی میسری تووشبوونی خۆیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا راگه‌یاندبوو، دیارترینیان یسرا و ئه‌میر كه‌راره‌ و خانمه‌ ده‌رهێنه‌ر ئیناس دغیدی و ماجد میسری.