لیژنەی باڵای ئامادەکردنی ئینسکلۆپیدیای کۆیە بە ھاوکاریی زانکۆی کۆیە، پلانی کۆکردنەوە و چاپکردنی ھەموو ئەو دەستنووس و سەرچاوانە جێبەجێ دەکات کە لەسەر مێژووی سنووری کۆیە نووسراون کە هەتا ئێستا هەشت بەرگیان چاپ کراوە.
دەریا حەوێزی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەلایەن لیژنەی باڵای ئامادەکردنی (ئینسایکلۆبیدیای کۆیە) بڕیار دراوە سەرجەم ئەو کتێب وسەرچاوانەی لەسەر شاری کۆیە و دەوروبەری نووسراون کۆ بکرێنەوە و بەمەبەستی سوود لێ وەرگرتنیان چاپ بکرێن.
گوتیشی: "لەو چوارچێوەیەدا وەک ھەنگاوی سەرەتا سەرجەم دەستنووسەکانی مێژوونووسی کۆچکردووی کۆیە (تاھیر ئەحمەد حەوێزی) کە بریتین لە کۆکردنەوەی بەسەرھات و فۆلکلۆری ناوچەکە و وەک دەستنووس لای بنەماڵەکەی ماوەتەوە، وەک پاشکۆی ئینسکلۆپیدیای کۆیە لەسەر ئەرکی زانکۆ لە ھەشت بەرگدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە".
دەریا حەوێزی، باسی لەوەش کرد کە لە ھەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوە و کۆکردنەوەی دەستنووسە چاپنەکراوەکان کە تایبەتن بە سنوورەکە بەردەوام دەبن بۆ ئەو مەبەستە ھەنگاوی پێویستیان گرتووەتە بەر.