تەقینەوەیەک لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان رووی دا و بووە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی ئەمنیی ئەو وڵاتە.
تەقینەوەکە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 10-1-2021 لە ناوچەی کارتە ئای ناو لە کابوڵ لەڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە رووی داوە.
بەهۆی تەقینەوەکەوە، زیا فیدان، گوتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان و دوو پاسەوانەکەی، کوژراون.
تاریق ئاریان، گوتبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان تەقینەوەکەی خستووەتە ئەستۆی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی، بەڵام تا ئێستاتاڵیبان هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.
تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.