بەرێوەبەری گشتیی گومرگ: پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بۆ دەروازە سنوورییەکان کاریگەری باشی دەبێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرێوەبەری گشتیی گومرگ: پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بۆ دەروازە سنوورییەکان کاریگەری باشی دەبێ

بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان رایگەیاند بڕیارەکەى حکوومەت بۆ نەهێشتن و ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە دەروازە سنوورییەکان کاریگەریی باشى دەبێ، ئێمەش هاوکار دەبین بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە و بنبڕکردنى کارى نایاسایی.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بڕیارەکەى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ پێکهێنانى هێزێکى هاوبەشى وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتن دیاردەى قاچاخچێتى و کارى نایاسایی، کاریگەرى باشى دەبێ، بۆیە ئێمەش پشتیوانى و هاوکارى هەر جۆرە بڕیارێکین کە ئامانجى بنبڕکردنى کارى نایاسایی بێ".

راشیگەیاند: "هەرچەندە تا ئێستا شێوازى کارکردن و پێکهاتەى ئەو هێزە روون نییە، ئایا جێگیر دەبن یان جوڵاو دەبن، بەڵام بەدڵنیاییەوە کاریگەرى باشى دەبێ بۆ رێکخستنەوەى دەروازە سنوورییەکان و زیادکردنى جوڵەى بازرگانى".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بڕیارەکەى حکوومەتى هەرێمی کوردستان هەنگاوێکى گرنگە بۆ رێگریکردن لە کارى قاچاخچێتى و بەفیڕۆدانى داهاتى حکوومەت، لە لایەکى دیکەوە داهاتێکى زیاتر دەگەڕێتەوە خەزێنەى حکوومەت".