بەناز یاسین: نهێنی سەرکەوتنی خانمانی پیشەوەر ئەوەیە گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نەدەن و پیشەکەی خۆیان خۆشبوێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەناز یاسین: نهێنی سەرکەوتنی خانمانی پیشەوەر ئەوەیە گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نەدەن و پیشەکەی خۆیان خۆشبوێ

بەناز یاسین، خانمە هونەرمەندێکی دەستڕەنگینی شاری سلێمانییە و ماوەی چەند ساڵێکە بە کاری دیزاینی جل و بەرگی کوردییەوە سەرقاڵە و دەڵێ"پێویستە خانمان گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نەدەن و پیشەکەی خۆیان خۆشبوێت".

بەناز، بۆ (باسنیوز)گوتی: "دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ هەوڵمدا پیشەیەکی سەربەخۆم هەبێت کاری چنینم بە کارێکی شیاو زانی بۆخۆم و هەستم کرد بەهرەیەک لەمندا هەیە، وردە وردە دەستم پێکرد و کارەکەکەم فراوان کرد، ئێستاش هاوسەرەکەم زۆر هاوکارمە و ئاسانکاری بۆ کردووم تەنانەت بەشێک لەو وێنانای سەر جلە کوردییەکان ئەو دەیکێشێت و دواتر من چنیومە".

گوتیشی: "کاری سەرەکی من دیزایین و ڕازاندنەوەی جلی کوردیی و زیندوو کردنەوەی کلتووری کوردییە بە شێوازێکی تازە و بەرگێکی نوێ، زیاتر هێلەک و سەڵتە و کراس و کۆڵوانە و کڵاو و کەوا دەچنم و ئەو کەلوپەلانەی بەکارییان دەهێنم زیاتر بریتین لە زەنیگانە و قەسەب و پولەکە و مور و ئەتەمین لەسەر جلی کوردی".

بەناز دەشڵێت: "زۆر جار کڕیارەکان چیان بوێت بەخواستی ئەوان جل و بەرگیان بۆ دیزاین دەکەم، بەڵام زۆربەی جار بەخواستی خۆم بوون و ئەوانیش زۆر ڕازی بوون لە بەرهەمەکانم، تا ئێستاش بەشداری زیاتر لە هەشت پێشانگام کردووە و بەردەوامیشم".


گوتیشی: "زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم و تەنیا پەیامی من بۆ خانمان ئەوەیە نەترسن ئازا و بوێر بن و ئەو بەهرەی هەیانە برەوی پێبدەن و بەهرەکانیان بکەن بە پیشە، هەموو کارێکیش سەرەتا زەحمەتە و بچووکە دواتر گەورە دەبێت، گوێ بە قسەی خەڵک و کۆمەڵگە نەدەن و کاری خۆیان خۆشبوێت و شەرم لە کارکردن نەکەن دڵنیام سەرکەوتوو دەبن".