نووسەر پەخشان محەمەد یەکەمین کتێبی خۆی بەناونیشانی (لە ھەگبەی کۆمەڵگاوە) چاپ و بڵاو کردەوە کە پێک هاتووە لە ژمارەیەک چیرۆکی ڕاستەقینەی ناو کۆمەڵگە.
پەخشان محەمەد، نووسەری کتێبەکە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو کتێبە یەکەمین کتێبمە کە ١١٠ لاپەڕەیە و لە چاپخانەی حەمدی لە شاری سلێمانی و لەسەر بودجەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاپ کراوە".
پەخشان محەمەد گوتیشی: "ئەو کۆمەڵە چیرۆکە کە پێک ھاتووە لە ١٥ چیرۆک، ھەموویان چیرۆکی ڕاستەقینەن کە خۆم بە شێوەیەکی مەیدانی لە بەندکراوانی چاکسازییەکان و دادگاکان وەرم گرتوون و بە زمانی چیرۆکی ڕێکم خستوونەتەوە".
باسی لەوەش کرد: "چیرۆکەکان ھەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەن و ویستوومە تاک و خوێنەر لە وێستگە ھەڵەکانی ژیان ئاگادار بکەمەوە بە ڕێگەی چوون بەرەو ئامانجێکی باش ئاراستەیان بکەم".
پەخشان محەمەد خاوەنی چەند نووسین و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییە و ئەوە یەکەم کتێبیە کە بڵاوی بکاتەوە بە گوتەی خۆی بەرنامەی نووسین و چاپکردنی کتێبی دیکەی چیرۆکی بۆ ئەمساڵ ھەیە.