كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕێکخراوێکی ژینگەیی: بۆ هەر شەهیدێکی شەڕی دژ بە داعش بەڕوویەک دەچێنین

گرووپی ھۆشیاری و پاراستنی ژینگەی ڕاپەڕین  ھەڵمەتێکی چاندنی بەڕووی لە سنوورەکە بەڕێوە بردوو و پێشمەرگەیەکی کەمئەندام و قوربانی شەڕی داعشیش لەو هەڵمەتەدا بەشداریی کردوو و سەرپەرشتیاری گرووپەکەش دەڵێت بۆ ھەر شەهیدێکی شەڕی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان نەمامێک دەچێنین.

سەلیم میراودەلی، سەرپەرشتیاری گرووپی ھۆشیاری و پاراستنی ژینگەیی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ژینگەدۆستی لە یەکەمین چالاکیی ساڵی نوێدا دوێنێ ھەینی بە ھەماھەنگیی ژینگەدۆستانی دەڤەرەکە، بە سەدان بەڕوومان لە دەربەندی ڕانیە و لە سنووری گوندی سەرسیان چاندووە".

گوتیشی: "ھاوکات چەند پەیامێکی ژینگەییمان لەڕێکەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بە ھاووڵاتییان ڕاگەیاند کە دار بۆ ژیانە، نەک بۆ سووتاندن، بۆیە لەبری بڕینەوەیان داری زیاتر بچێنن".

سەلیم میراودەلی باسی لەوەش کرد: "لەو ھەڵمەتەدا ئومێد ھەژار کە پێشمەرگەیەکی کەمئەندام و قوربانییەکی شەڕی داعشە بەشێک لە جەستەی لەدەست داوە، بەشداریی ھەڵمەتەکەی کرد و ھاووڵاتییانی لەسەر خۆشویستنی ژینگە و چاندنی بەڕوو ھان دا".

سەلیم میراودەلی ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیارمان داوە ئەمساڵ بۆ گیانی پیرۆزی ھەر شەھیدێکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شەھیدانی دەستی داعش، نەمامێک بچێنین".