بنەماڵەی ماملێ پەیامێكیان لەبارەی شێواندنی گڵكۆی محەمەدی ماملێ بڵاو كردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بنەماڵەی ماملێ پەیامێكیان لەبارەی شێواندنی گڵكۆی محەمەدی ماملێ بڵاو كردەوە

سەبارەت بە شێواندنی گڵكۆی هونەرمەندی كورد محەمەدی ماملێ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو پەیامێكی ناڕەزاییان بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە.

دەقی پەیامی ناڕەزایی بنەماڵەی محەمەدی ماملێ:
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاژانسی هاژە لە مەهابادەوە، گڵکۆی خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەمەدی ماملێ لە گردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد شێوێندراوە. ئەو دیاردە دزێو و ناشیرینە دەمێکە لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بووەتە باوە.

کەسانێکی نەفس نزم و بەتاڵ لە بەها مرۆڤایەتییەکان هەن کە ڕەحم بە مردووی گۆڕستانەکانیش ناکەن. لەبیرمانە کە چەندین جار گڵکۆی نەمران سولەیمانی موعەینی، مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بە گوللە شکێندران یان بە ڕەنگ دەیان شێواندن یان دەیانشکاندن.

ئەو کەسانەی کە هانا دەبەنە بەر ئەو کارانە، بە ئاشکرا دژایەتی فەرهەنگ و بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد دەکەن و پەنا دەبەن بۆ ئەم کارە ناحەزە. ئەوانە تەنانەت مردووی قەبرستانەکانیش ئازاریان دەدات گەر مێژوویەکەیان بە دڵی ئەوان نەبێ.

دڵنیایان دەکەینەوە کە بەو کارە سووکانە نە مێژوو، نە کەسایەتی محەممەدی ماملێ خەوشەدار دەبێ و نە فەرهەنگ و هونەری کوردی نسکۆی بەسەردا دێت، بەڵکوو پێوەندی نێوان هونەر و هونەرمەندی دەروەست دەگەڵ میللەتی کورد پتەوتر دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕووڕەشییە بۆ بکەران و بۆ ئامیرانی ئەو کارە ترسنۆکانەیە.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایان بەرپرسان و هەیئەتی ئومەنای ئەو شارە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئێمە داوا لە بەرپرسانی شارەوانی مەهاباد و هەیئەتی ئومەنای ئەو گۆڕانە دەکەین کە بەدواداچوونێکی شەفاف بۆ ئەو کێشەیە بکەن و هەوڵ بدەن ئەو تاوانبارانە بناسێندرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن و بە شێوەیەکی باشتر لەو گۆڕانە بە خاوەن دەرکەون و نەهێڵن شتی وا دووپات ببێتەوە.

بنەماڵەی محەممەدی ماملێ