قانوون لێرە و لەوێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بە تەبیعەت مرۆڤ بوونەوەرێكی سەركێشە و نایەوێت لە هیچ چوارچێوەیەكدا جووڵە و كردارەكانی لەقاڵب بدرێن، ئەمەش وای كردووە مرۆڤایەتی لە سەردەمە سەرەتاییەكاندا لە پەیوەندییەكانیان بەیەكەوە جۆرێك لە سنوور و رێزگرتن لەنێوانیاندا هەبێت. رەنگە ئەمە بۆ سەردەمانێكی زوو لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا، زیاتر خۆی وەك عورف و پاپەندییەكی كۆمەڵایەتی وێنا كرابێت، بەڵام لەگەڵ گەشەی مرۆڤ و قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤایەتی لە سەردەمی كشتوكاڵی و گوند بۆ سەردەمی شار و پاشان پیشەسازی و شارستانیەتەكان لەلایەك، لەلایەكی تریش سەرهەڵدانی پەیامهێنانی خودا و پاشان دەركەوتنی ئایینەكانی سەر زەوی و حوكمڕان، وردە وردە بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵك و پایەكانی دامەزراوەكانی ئەو شارستانیەتانە، چوارچێوە رێكخراوە، بوونی ئەو چوارچێوەیەش خۆی لە پابەندبوون و پابەندنەبوونی مرۆڤەكان دەبینێتەوە.

جۆن مارشاڵ لەبارەی قانوونەوە دەڵێ: ”حكوومەتی نموونەیی، حكوومەتی قانوون و دامەزراوەكانە نەك حكوومەتی پیاو و كەسەكان“.

سروشتی مرۆڤ وا هەڵكەوتووە كە هێندە ئارەزووی جێبەجێكردنی قانوون ناكات و پێیوایە قانوون هەموو كات دادوەرانە نیە، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمیشدا خەریكە ئەو نەریتە جێگەی خۆی دەگرێت كە قانوون تەنیا لەسەر خەڵكی هەژار جێبەجێ دەكرێت و هەر ئەوانیش زەرەرمەندی دەستی بڕیاردەرانن لەسەر قانوون، ئەوەش لەو گۆشەنیگایەوە لێی دەڕوانرێت كە پلەدار و خاوەن پێگە و پارەدارەكان، قانوونەكان بە باڵای بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەردەكەن.

هەڵبەتە هەرێمی كوردستانی ئێمەش، بەشێك نیە لە وڵات و كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی دونیا، بۆیە دەبینین وەك پێویست قانوون جێبەجێ ناكرێت، ئەگەرچی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، یەكێك لە ئامانجەكانی كە ئیشی بۆ دەكات، زیاتر بە دامەزراوەییكردنی دەزگاكانی دەوڵەت و سەپاندنی قانوونە بەسەر هەموان وەك یەك، بەڵام ئەو رێگایە بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە و بێگومان هەروا بە ئاسان و شەو و رۆژێك پێی ناگەین، بەڵام كاری نەكردە و مەحاڵیش نیە.

لەو ماوەیەی بەهۆی پەتای كۆرۆنا بە ناچاری لە هەرێمی كوردستان ماومەوە، قەڵسبوونی خەڵك بە دەركردنی بڕیار و رێنوێنییەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بۆ سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان، جێی سەرنج بوون. كاتێ حكوومەت بڕیارێكی بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندیی گشتی دەردەكرد خەڵكەكە بە پێچەوانەوە مامەڵەیان دەكرد، مەخابن كە خەریكە ئەوە دەبێتە دیاردە كە خەڵك خۆی ببێتە بەشێك لە جێبەجێ نەكردنی یاسا و لە سۆشیال میدیایش بە دیوێكی تر رەخنەیان دەگرت!

لەم وتارەمەدا نامەوێت هەرێمی كوردستان بەراورد بە بەلجیكا بكەم كە خۆم لەوێ دەژیم، بەڵام دەمەوێت سەرنجتان بۆ بەراوردكاریی پابەندبوون بە بڕیار و یاساكان لەنێوان هەردوو كۆمەڵگە و حكوومەت بخەمە ڕوو.

ئەوەی هەموومان لەسەری كۆكین ئەوەیە، كۆی مرۆڤایەتی بێزارن لە رێنوێنیی حكوومەتەكانیان پێوەند بە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەمەش حكوومەتەكان بۆ سەپاندنی بڕیار و رێنوێنیەكانیان پەنایان بۆ زۆر شت برد. وڵاتێكی وەك بەلجیكا سەرەڕای ئەوەی خەڵكەكەی ناڕازین و بێزارن، بەڵام حكوومەت پێداگرە لەسەر توندكردنی یاساكان و گوێ بە قسەی بازرگان و هاووڵاتیان نادات.

لەناو وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپادا، بەلجیكا یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆر بەتوندی سزای هەر كەسێك دەدات سەرپێچی بكات، ئەمەش وای كردووە خەڵكەكەی لە ترسی رێنوێنیەكان و ترسی سزاكانی پێژماردن پابەندی رێنوێنیەكان ببن. هیچ خێزانێكی بەلجیكی ئاهەنگی سەری ساڵی بەكۆمەڵ ئەنجام نەدا، تەنانەت خێزانە بەلجیكیەكان بۆیان هەیە تەنیا یەك كەس وەك میوان رابگرن، خۆ ئەگەر ببێت بە دوو كەس ئەوا 750 یۆرۆ سزای هەر میوانێك دەدەن و خاوەن ماڵیش چوار هەزار یۆرۆ، ئەمەش وای كرد لە ئاهەنگی سەری ساڵدا كەس سەردانی هاوڕێیەكیشی نەكات و لەتاو بێزاری، شەوەكەی زوو خەوتن.

دەبینین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێنوێنی و بڕیاری نوێی هێنایە كایەوە و یاساكانیش لە جاران زیاتر توندوتۆڵتر كران، ئەگەرچی ئەوانە لەدەرەوەی ویست و ئارەزووەی تاكەكان بوون، بەڵام یاسا سەنگی مەحەكە.

پێوەند بە هەرێمی كوردستان، خەڵك و حكوومەت كۆكن لەسەر ئەوەی پێویستە یاساكان بەهێز بكرێن و بۆ هەموان وەك یەك بێت و دادپەوەری هەبێت، بەڵام پێچەوانەكەشی وڵات بەرەو پەرتەوازەیی و فەوزا دەبات و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە، چونكە توێژێك لەناو كۆمەڵگە كاتێك دەسەڵاتیان دەچێتە سەرووی قانوونەوە ئەوا پەروەردە و فەرهەنگیان دەگۆڕدرێت و كەسانی توندڕۆ و هێرشبەر و هەڵپەرستیان لێ دروست دەبێت كە بە هیچ شێوەیەك ناچنە ژێر ركێفی قانوونەوە، وەك پاوسانیاس دەڵێ: ”پێویستە قانوون دەسەڵاتی بەسەر تاكەكاندا هەبێت نەك تاكەكان دەسەڵاتیان بەسەر قانوونەوە هەبێت“.

كاتێك توێژێكی كۆمەڵگە خۆیان لەسەرووی قانوونەوە دەبیننەوە، ئەوا كاریگەریی نەرێنییان بەسەر كۆمەڵگەوە دەبێت و خەڵكی تریش هەوڵی یاساشكێنی دەدەن.

یاسا مۆڕاڵ دروست ناكات، بەڵام كاتێك مۆڕاڵی مرۆڤەكان بەرز بن، ئەوا قانوون باشتر دەچەسپێت و ئەوانەی ترسیان لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ هەیە زیاتر لە بەها و نرخی قانوون تێدەگەن.

زۆر جار قانوون وەك جلوبەرگ و پۆشاك وێنا دەكرێت، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە قانوونەكە بە باڵا و كەمەر و درێژ و پانیی هەرێمەكە و دۆخی كۆمەڵایەتی بێت نەك كەسەكان بێت، دەبێ تەنیا بە ئامانجی قانوون، پێشكەوتن و ڕیكخستنی كۆمەڵگە بەگشتی و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بێت.