كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

قایمقامی ئامێدی: ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی پەکەکەوە خەڵکی سنوورەکە حەوت ملیار دینار زیانیان پێ گەیشتووە

"٢٠٠ گوندی ناوچەکە چەندین ساڵە بەو بۆنەوە چۆڵ کراون"

قایمقامی قەزای ئامێدی ئاشکرای کردووە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە سنوورەکە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، زیانە مادییەکانی خەڵک لە سنوورەکە حەوت ملیار دینار خەمڵێندراوە.

لەمبارەوە ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی ئامێدی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەهۆی بووونی بارەگاکانی پەکەکە لە سنوورەکەمان بەردەوام فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنوری قەزای ئامێدی بۆردومان دەکەن و هەر بەم هۆیەوە ٢٠٠ گوندی ناوچەکە چەندین ساڵە چۆڵ کراون".

ئاماژەی بەوەش دا: "قەزای ئامێدی خاوەنی خاکێکی بەپیت و ژینگەیەکی لەبارە، بەڵام خەڵک بەهۆی بوونی پەکەکە و مەترسیی سەر گیانیان وەک پێویست کەڵکیان لێ وەرنەگرتووە".

قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بەوەش کرد: "ساڵانە هەم لەڕووی گیانی و هەم مادییەوە زیانێکی زۆر بە دانیشتوانی ناوچەکە و سروشتەکە دەگات و بەهۆی شەڕی پەکەکەوە تا ئێستا لە سنووری ئامێدی ٣٣ هاووڵاتی شەهید بوون و بەپێی ئامارێک کە ئێمە کۆمان کردووەتەوە ساڵی ٢٠٢٠ بڕی حەوت ملیار دینار زیان بە سروشت و خەڵکی ناوچەگە گەیشتووە".

گوتیشی: "لەو بۆردومان و شەڕانەدا ڕەز و باخ زەوینی کشتوکاڵیی خەڵکی گوندەکان لەناو چوون، بۆیە داوا دەکەین پەکەکە لەو ناوچانە بکشێتەوە و بەرەو سنووری ڕاستەقینەی خۆی بچێت و خەباتی خۆیان لەوێ بکەن".