كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ماوه‌ى لێخۆشبوونی پێبژاردنێك درێژ ده‌كرێته‌وه‌

بڕیارێکی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە لێخۆشبوونی پێبژاردنێك درێژ دەكرێتەوە، بەرپرسێكیش وردەكاریی بڕیارەكە دەخاتە ڕوو.

بەپێی نووسراوێكی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری كە ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7/1/2021 دەرچووە و وێنه‌یه‌كى دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاماژە بە درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە تەواوی ئەو سزا و سوانەی كە لەسەر باجدەران و قەرزارانی خانووبەرەی میری كەڵەكە بووە، دراوە.

پێشتر بڕیار بوو تاوەكوو 31/12/2020 بڕیارەكە كاری پێ بكرێت، بەڵام ئێستا تاوەكوو 31/1/2021 درێژ كراوەتەوە.

د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەوانەی باج دەدەن و سزای دواخستنیان کەوتووەتە سەر، لێخۆشبوونیان بۆ دەرکرابوو تاوەكوو 31/12/2020، بەڵام بەهۆی پشوو و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، بڕیارەكە تاوەكوو 31/1/2021 درێژ كرایەوە".

ڕوونیشی کردەوە، ئەو لێخۆشبوونە هەموو جۆرەکانی باج دەگرێتەوە، "بڕیارەکە کۆمپانیاکان، داھات، خانووبەرە، زەویی بەتاڵیش دەگرێتەوە".

ئەوەشی دەربڕی، كە ئەو سزا و سوانەی ساڵانی رابردوو دەگرێتەوە، کە نەدراون بە مەرجێک باجە بنەڕەتییەکانیان پاکتاو بکەن، گوتیشی: "دوای بڕیارەكە خەڵكێكی زۆر سوودمەند بوون، ئێستاش خەلێك ماوە دەتوانن تاوەكوو كۆتایی ئەو مانگە لە بریارەكە سوودمەند بن".

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان ئاشکراشی کرد، ئەوەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە، دەتوانێت دەست بە مامەڵەکانی بکات، "ئەوەی قەرزداری باجە، سەردانی فەرمانگەی باج دەکات تەنیا باجە بنەڕەتییەکە دەدات، سزا و سووی بۆ ھەژمار ناکرێت، ئەوەش بارسووکییەکی زۆرە بۆ هاووڵاتییان".

 

No description available.