كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لە مەودایەکی مامناوەندا هەیکەلی ئابووریی کوردستان، لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە بۆ هەرێمێکی بەرهەمهێن دەگۆڕدرێ

کابینەی نۆیەمی حکوومەت بایەخ بە پیشەسازیی گەورە و مامناوەند و بچووک دەدات

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەكی (باسنیوز)دا، چەندین پرسی گرنگی ئابووری و بازرگانی دەخاتە ڕوو، باس لە رۆڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ پێشوەچوونی پیشەسازی و بازرگانی و وەبەرهێنان و بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.

سەرەتا روونی کردەوە، دوای هاتنی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، دۆخی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان خراپ بوو، گوتی: "دوای مانگی 5 دۆخی بازرگانی باشتر بوو، ئێستا دۆخەکە زۆر باشە و ئاسایی بووەتەوە و هیچ کێشەیەک نییە، ئەو مەترسییانەی لە مانگی 3 و 4 و 5 و 6 و 7 هەبوون، ئێستا کەمتر بوونەتەوە، بەڵام نازانین بۆ ئەمساڵ چۆن دەبێت، ئەگەرچی ئومێد هەیە بەهۆی دۆزینەوەی ڤاکسین باشتر بێت".

ئاماژەی بەوەشدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بە پیشەسازیی گەورە و مامناوەند و بچووک دەدات، بۆ ئەوەی ژێرخانێکی پتەو و فرەسەرچاوەی داهات بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات. گوتیشی: "رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، جگە لەوەی رووبەڕووی تەحەدداکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی سەختی دارایی بووەوە، دەستیشی کرد بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی، کە لە کارنامەی کابینەکەیدا هاتبوون، ئەوەتا لەناو گەرمەی قەیران و پەتای کۆرۆنادا خزمەتگوزارییەکان رانەگیراون و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمەکەی پاراست، بە کرداریش بەڵێنەکانی کابینەکەی لە رووی هەمەچەشنکردنی ئابوورییەوە دەست پێ کردووە. سەرۆکی حکوومەت بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە (هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە، کە لە عێراق و ناوچەکە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانیی گرنگ) بۆ ئەمەش بەردەوام هەوڵی راکێشانی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە لە هەرێمی کوردستاندا. بەشێکی هەرە گرنگی سەردانەکەی جەنابیان بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا و دیدارەکەی لەگەڵ مارک رووتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و دان برۆلێیت، وەزیری وزەی ئەمریکا، بۆ راکێشانی وەبەرهێنان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانە، تاوەکو هەنگاوەکانی فرەچەشنکردنی ئابووری خێراتر بکات".
زیاتر گوتیشی: "دانانی بەردی بناغەی گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی خۆراک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، لەسەر رووبەری 1423 دۆنم زەوی، کە نزیکەی 275 کارگەی جۆراوجۆری خۆراکی و 229 کۆگا و دەیان پێداویستی و شوێنی پەیوەندیداری لەخۆ گرتووە، گرنگییەکی رادەبەدەری هەیە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی، هەروەها دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵێک کارگە و سایلۆ بۆ ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و چەندین پڕۆژە و کاری ستراتیژی و گەورەی دیکە، کە پاڵپشتی و پشتگیرییەکی تەواوی هەوڵەکانی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵە، بۆ بوژانەوەی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی. ئەم هەنگاوەش لەپێناو سوودوەرگرتنە لە ستراتیجی هەمەلایەنی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی، کە دەتوانێت سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ سەرمایە و تەکنەلۆژیا و بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی هێزی کاری ناوخۆ".

روونی کردەوە، لە ساڵانی رابردوودا هەموو داتا و زانیارییەکانی لای ئەوان لە وەزارەت هەیە، ئەوە دەردەخەن، کە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی پەراوێز خرابوون و روویان لە لاوازی کردبوو، گوتیشی: “سەبارەت بە کەرتی پیشەسازییش، بە هەمان شێوە لە 2015دا کۆی گشتیی کارخانەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 54%ی کاریان دەکردووە و قەیرانی کۆرۆنا و دارایی زیاتر زیانی پێ گەیاندن، بۆ هەڵسانەوە و دەربازبوون لەم دۆخە، ستراتیژی بەهێزکردنی کەرتێکی راستەقینەی تایبەت داڕێژرا، کە تیایدا جێگای پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکانیش دەکرێتەوە. لە مەودایەکی مامناوەندا هەیکەلی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە بۆ هەرێمێکی بەرهەمهێن دەگۆڕدرێت و کەرتێکی تایبەتی نوێ لەدایک دەبێت، کە لەلایەک بارگرانیی سەر شانی حکوومەت کەم دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە لە خزمەتی هاونیشتمانییاندا دەبێت”.

ئەو باس لەو هەزار پڕۆژەیە دەکات، کە لەسەرەتای کابینەی نۆیەم راگەیانرا، گوتیشی: "راستەوخۆ لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی کوردستان، لەگەڵ سەرجەم سەرمایەداران و وەبەرهێنانی کوردستان کۆ بووەوە و هەزار پڕۆژەی راگەیاند، کە بەشی زۆریان بۆ کەرتەکانی پیشەسازی بوون، ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێناندا بوو بۆ ساڵی 2020، بە سوودوەرگرتن لە پلانی وەزارەتەکان، کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پشکێکی باشیان بەرکەوت و سەرەتایەکیش بوو بۆ ئامادەکردنی نەخشەی وەبەرهێنان، ئەو کات دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان 259 پڕۆژەی پێشکەش کرا و بەشی هەرە زۆری وەرگیران، بەگشتی کەرتی پیشەسازی زیاتر لە 450 سێکتەر لەخۆ دەگرێت. ئەوەی لەم قۆناغەدا لە کوردستان زیاتر گرنگیی پێ دەدرێت، کەرتەکانی خۆراک و خواردەمەنی و پترۆکیمیاوی و کەرەستەی بیناسازی و کەرەستە فلزییەکان و سوودوەرگرتن لە پاشماوەی غازی سروشتی و پیشەسازیی کشتوکاڵ و چەندین بواری دیکەیە، پاڵپشتیی حکوومەتیش بۆ ئەم کەرتانە. بەبێ هەماهەنگی لەنێوان کەرتی بازرگانی و پیشەسازی نابێت، چونکە پێویستە هاوسەنگییەکی وا دروست بکەین، کە نرخەکان بەرز نەبنەوە و کەرتی پیشەسازیی کوردستانیش بتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی وڵاتانی جیهان و دراوسێمان بکات".
سەروەر هاواری، هاتە سەر پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە لە هەولێر، بەتێچوونی 250 ملیۆن دۆلار چەندین سایلۆ و کارگە دروست دەکرێت، گوتی: "بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هەنگاونانی جددی بۆ دەوڵەمەندبوونی کوردستان و گەیشتن بە قۆناغێکی پێشکەوتووی وا، کە هەرێمی کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و ناوچەکە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە سوودێکی یەکجار زۆری بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی هەیە و بەروبوومی جووتیاران ساخ دەکاتەوە، هەلی کاریش بۆ هەزاران دەرچووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و دابینکردنی هەلی کار بۆ هەزارانی دیکە لە گەنجەکانمان دەڕەخسێنێت، ئەم جۆرە پڕۆژە و بیرکردنەوانە دەچنە بواری پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نەتەوەیی کورد و کۆتاییهێنان بە مەترسیی بەکارهێنانی کارتی ئابووری و خنکاندن و گەمارۆدانی ئابووری لە دژی خەڵکی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی هاوسەنگکردنی تەرازووی بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر".
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جەخت لەوە دەکاتەوە، سیاسەتێکی بازرگانیی باش هەیە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ لەدەرەوەی بازاڕەکانی کوردستانیش ساغ بکرێتەوە، گوتیشی: "یەکێک لە کار و ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە، پەرەپێدانی هەردوو کەرتی بازرگانی و پیشەسازییە، چونکە هەردوو کەرتەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان پێکەوە هەیە و هاودژی یەکتر نین، بەڵکو بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و بەدەستهێنانی داهات و دابینکردنی هەلی کار تەواوکەری یەکترن، یەکێکیش لە بەرنامەکانی وەزارەت، چۆنێتیی پاڵپشتیکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیە".
روونی کردەوە، بەردەوام لە خەمی چۆنێتیی ساغکردنەوەی بەرهەم و بەروبوومی جووتیاراندا بوونە، دەشڵێت: "لەکاتێکدا هەر بەرهەمێک لە ناوخۆی کوردستان زۆر دەبێت، راستەوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کار بۆ قەدەغەکردنی هاتنی ئەو بەروبوومە لەدەرەوە دەکەین، لەهەمان کاتدا ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین، کە سایلۆ و کۆگاکانی ساردکەرەوە زیاد بکەین، بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان بتوانن بەرهەمەکانیان بۆ چەند مانگ و وەرزێکی دیکە هەڵبگرن، گرنگترین کار، کە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران لەم کابینەیەدا ئەنجام دەدرێت، دروستکردنی ئەو پڕۆژە گەورانەی کارگە و کڕینەوەی گەنمی جووتیارانە، چونکە بێ گرنگیدان بە پیشەسازیی خۆراک، ناتواندرێت راستەوخۆ بەرهەمی جووتیاران ساغ بکرێتەوە".