ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک تاپۆی ١٩٧٥ بۆ عەرەبە هاوردەکان ساختە دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک تاپۆی ١٩٧٥ بۆ عەرەبە هاوردەکان ساختە دەکات

"ڕاکان جبووری و دادگای شارەکە دەستیان لەو ساختەکارییەدا هەیە"

دوای پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەویوزار لە سنووری پارێزگای كەركووك، عەرەبە هاوردەكان دەستیان بە ساختەكردنی گرێبەستی كشتوكاڵی كردووە و ئەمجارەش تاپۆ و نفووسی ساڵی 1957یان ساختە كردووە و بەرپرسێكیش ئەو زانیارییە پشتڕاست دەكاتەوە.

لەمبارەوە د. فەرهاد كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەستێكی گەورەی لە تەعریبكردنەوەی كەركووكدا هەیە و بەردەوامە لەو كردەوەیەی، ئەوان هەموو ڕێگایەك دەگرنەبەر بۆ ئەو مەبەستە، عەرەبە هاوردەكان گێچەڵ بۆ جووتیارانی كورد لە سنووری پارێزگای كەركووك دروست دەكەن و ماوەیەكە لیژنەیەكی پەرلەمانیش پێك هاتووە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە و هەوڵ دەدەن بگەنە ئەنجامێك و جووتیارانی كورد كێشەیان نییە و تاپۆی كۆنیان هەیە و ڕادەستی لیژنەكەیان كردووە كە خاوەنی زەوییەكانن، عەرەبە هاوردەكانیش لە ڕێگای راكان جبورییەوە دوای ئەوەی كە گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەكان بە ساختە دەركردووە، ئێستاش بەوەوە نەوەستاون تاپۆ و بەڵگەنامەی كەسی هی ساڵی 1957 ساختە كردووە بۆ ئەوەی بە لیژنەكە بڵێن ئەوەتا ئێمە عەرەبی ڕەسەنین و زەوییەكان هی ئێمەیە".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا: "هێزە سەپێندراوەكان و ڕاكان جبووری و تەنانەت دادگاش لە كەركووك دەستیان لەو ساختەكردنەدا هەیە، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە ئەو كردەوانە بۆیان ناچێتە سەر و دۆخی كەركووك هەر بەو شێوەیە نامێنێتەوە دەیان ساڵی تریش تەعریب بكەن، خاكی كەركووك كوردستانییە و هەر بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێتەوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی ڕەخنەی لەو لایەنە سیاسییانەی ناو كەركووك گرت كە لە بەرامبەر ئەو تەعریبەی لە سنووری كەركووك دەكرێت بێدەنگییان هەڵبژاردووە و ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەوە پارتییە دان بەو داگیركارییەدا نانێت و هەموو هەوڵێکیش دەخاتە گەڕ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك".

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) وێڕای پێكهێنانی لیژنە پەرلەمانییەكە بۆ چارەسەركردنی گرفتی زەویوزار لە كەركووك، بەڵام عەرەبە هاوردەكان ئێستا لەسەر زەویوزاری كوردی سنووری داقووق بەردەوامن لە كشتوكاڵكردن و لەولاشەوە عەرەبە هاوردەكان بەڵگەی كەسی و تاپۆی ساڵی 1957یان بۆ خۆیان ساختە كردووە.

لە ساڵی 1957 سەرژمێریی دانیشتووانی كەركووك كراوە، هەرچەندە سەرژمێرییەكە لە بەرژەوەندیی عەرەبیش دەستكاری كراوە، بەڵام لە ئەنجامدا سەرژمێرییەکەدا دانیشتووانی كەركووك بەم جۆرە بووە، كورد 48.2%، عەرەب 28.2%، توركمان 21.4% و ئەوانی تر 2.1% بووە و پرۆسەی بە عەرەبكردنی كەركووك لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە دەستی پێ كردووە و پاشان لە سەرژمێرییەكەی 1957دا كە دەستكاریی سەرژمێرییەكەش لە بەرژەوەندیی عەرەب كراوە، بەڵام ئێستا كورد رازییە بە ئەنجامی ئەو سەرژمێرییە بۆ هەموو شتێك لەوانە خاوەنداریكردن لە زەویوزارەكان، هەروەها بۆ دامەزراندن كە بەپێی ئەنجامی ئەو سەرژمێرییە بكرێت، بەڵام عەرەبەكان رازی نین.

سەرەنجام دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا، ئیدارەی كەركووك بۆ دامەزراندن پشتی بەو سەرژمێرییە دەبەست و ئەوەی لە هەر نەتەوەیەك بوایە، رەگەزنامەكەی واتە بابوباپیرانی لە كەركووك بوایە، ئەوا مافی دامەزراندن دەیانی گرتەوە، هەروەها ئەوەی نفووسی و تاپۆی زەویوارەی هەبێت و هی پێش ساڵی 1957 بێت، ئەوە كەركووكی رەسەنە، ئەو كارەش بۆ ئەوە دەكرا پێش لە درێژەی تەعریبكردنەوەی كەركووك بگرن.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان، ئێستا فەرمانگەی تاپۆی كەركووك مەرجی ساڵی 1957 هەڵگرتووە، واتە پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەر هاووڵاتییەك لەناو شاری كەركووك موڵكی بكڕیایە، ئەوا دەبوو خەڵكی ڕەسەنی كەركووك بێت، واتە پشت دەبەسترا بە سەرژمێرییەكەی ساڵی 1957، بەڵام ئێستا ئەو مەرجە لابراوە، واتە هەر هاووڵاتییەك لە هەر كوێی عێراق بێ، دەتوانێت موڵك لە كەركووك بكڕێت، بەڵام لیژنەكەی پەرلەمان ئێستا ئەو تاپۆ و بەڵگانە وەردەگرێت بۆ پرسی زەویوزارەكان كە هی ساڵی 1957 بێت، بۆیە عەرەبە هاوردەكان دەستیان بە ساختەكردنی تاپۆ و بەڵگەنامەكان كردووە و هی ئەو كاتەیان بۆ دروست كراوە.