كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەبار جەمال غەریب 06/01/2021

شار و متمانەی پۆلیس

- دڵی خۆت بۆ پۆلیس دەكەیتەوە؟
- لە هیچ كێشە و ناخۆشیەكی خێزانیدا پەنات بۆ پۆلیس بردووە؟
- پۆلیس بە فریادڕەس دەزانی؟

چەند ژمارەی دانیشتوانی شار زیاتر بن كێشەكانیش زیاتر دەبن. لە كێشەی كەسێكەوە بیگرە لەگەل كەسێكی دیكە، لەگەڵ گرووپێكی دیكە، لەگەڵ خێزانەكەی خۆی، تا دەگاتە كێشەی كەسەكان لەگەڵ خودی خۆیان.

- مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان و چارەسەركردنیان یەكێكە لە هۆیە بنەڕەتیەكانی دروستكردنی ئارامی و ئاسوودەیی شار. كێ كێشەكانی خەڵكی شار چارەسەر دەكات؟ ئایا خێزان دەتوانێ بەسەر ئەندامەكانی خۆیدا زاڵ بێت؟ ئایا كارێكتەری كوردی پێویستی بە ڕێنموێنی و هاوكاری نییە؟

- شار وەك چۆن جێگای كۆبوونەوەی خەڵك و ڕێكخستنەوەی ژیانە، وەك چۆن ئینسانەكان لە چۆڵەوانییەوە وەك با بەرەو شار دەگەڕێنەوە بە نیازی ئولفەت و تێكەڵبوونەوە بە خەڵك، وەك چۆن شار ئینسانی جیاواز و كەسایەتیی جیاواز و كولتووری جیاواز لە خۆیدا كۆ دەكاتەوە و ناچاریشیان دەكات ڕێزی یەكتر بگرن و بوونی یەكتر قبووڵ كەن و زۆر جاریش بە بوونی یەكتر و جیاوازییەكان دڵخۆش بن، هەر بە هەمان شێوە، شار جێگای ڕووبەڕووبوونەوەی ئینسانەكان و سەرهەڵدانی كێشە و گرفتی تازە و ئاڵۆزیی تایبەتە.

- لە شاردا كێشەی تازە سەرهەڵدەدات و چارەسەری تازەشی دەوێت.
- سنووری پەیوەندییەكان لە شاردا فراوان و ئاڵۆز دەبن.
- خێزان تەنیا لە پەیوەندیی خزمایەتی و لە بازنەی خوێندا نامێنێتەوە و دەرگای تازەی بەسەردا دەكرێتەوە.
- پێویستییەكانی ڕۆژانەی خێزان تەنیا (شوێنی نووستن) و (خواردن نابێت) و دەیان پێویستیی دیكەی دێتە سەر.

بۆ ئەوەی لە بابەتەكە زیاتر دوور نەكەومەوە، مەبەستی وتارەكەم دیاری دەكەم:
- لە ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكاندا كێ بەتەنگ خێزانەوە دێت؟
- ئەو دەرگایانە كامانەن لە كاتی كێشەكاندا بە ڕووی خێزاندا دەكرێنەوە؟
- ئایا بەبێ هاوكاریی دەزگا و ڕێكخراو و كەسانی دیكە خێزانەكان دەتوانن كێشەكانیان بەسەركەوتوویی چارەسەر بكەن.

دەشێ لە درێژەی ئەم وتارەدا بچینە سەر ڕەگی بابەتێكی مەترسیدار كە لەو ڕۆژانەدا بەرۆكی كۆمەڵگەی كوردی گرتووە، ئەویش هەواڵی ئەو هەموو كێشە قورس و كوشتن و دوژمنایەتیەیە كە دەبنە مانشێتی یەكەمی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن.

پۆلیس و كورد
سەرەڕای ئەوەی كە كێشەكانی ناو گوند سادەن و گوندەكانی كوردستان شێوازی گونجاوی بۆ چارەسەری كێشەكانی دۆزیبۆوە و ئاڵۆزی و نائارامیی كۆمەڵایەتی كەمتر رووی تێدەكردن، بەڵام سروشتی دێهاتەكان و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و جۆری پەیوەندییان، ڕێگەخۆشكەر بوون بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك كە دەكەوێتە نێوان خێزان و ئەندامانی خێزانەكان و گوند بەگشتی.

من لێرەدا باس لە دادپەروەری و بەدیهێنانی یەكسانی ناكەم. تەنیا باس لەوە دەكەم كە خێزانی كورد كە دێتە شار و لە كۆمەڵگەیەكی گەورەتردا دەژی، بەشێك لە پەیوەندییەكانی ون دەكات و هەندێ شێوازی تازەی ژیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەرگای خێزان بەسەر پەیوەندیی تازە و كەسانی تازە و مۆدیلی تازەی ژیاندا دەكرێتەوە.

بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان چەند دەزگا و فەرمانگە هەن، گرنگترینیان پۆلیس و دادگایە. پرسیارەكە ئەوەیە:
- پۆلیس و دادگا وەڵامدەرەوەی كێشەكانی ناو كۆمەڵگان؟
- دەزگای پۆلیس بەشێكە لەو ڕێگا و بژارانەی خێزان بۆ ئەوەی لە كاتی تەنگانە و كێشەدا پەنای بۆ بەرێت؟
- متمانە لەنێوان پۆلیس و خێزاندا تا چەندە؟
- بۆچی خەڵك لە پۆلیس دەترسن؟
- دادوەر بۆ نابێتە جێی متمانەی كەس؟
- ئاسایش بۆچی ناتوانێ خۆشەویست بێت؟

لە دروستبوونی دەزگای پۆلیس و سیستەمەكەیەوە تا ئەمڕۆ، گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام مەبەستی پەیامەكەی زۆر نەگۆڕاوە، بەڵكوو لە چەند ڕوویەكەوە توندوتۆڵتر كراوە، پۆلیس تا ئەمڕۆ ئالیەتی پاراستنی كۆمەڵگە و جێبەجێكردنی سیستەمی گشتییە، كۆنترۆڵكردنی كێشەكانی خەڵك و ئارامكردنەوەی دانیشتوانە، فریاكەوتنی خەڵكە پێش كێشەكان و لە كاتی كێشەكاندا و دوای كێشەكانیش.

گرنگترین قۆناغی فریاكەوتنی خەڵك پێش كێشەكانە، بێگومان ئاسانترینیشیانە. ئەو قۆناغە بە ڕووحی فریاكەوتن ناسراوە. ئەو قۆناغە زیانی تێدا نیە و هەمووی قازانجە. پێویستی بە خەرجكردنی سەرمایە و تێچووی زۆر نییە، تەنیا پێویستی بە سێ شت هەیە، ئەویش متمانە و دواتر متمانە و لە كۆتاییشدا هەر متمانەیە.

- ئایا پۆلیسی كوردستان ئەو متمانەیەی لای خەڵكی دروست كردووە؟
- ئایا پێش سەرهەڵدانی كێشەكان، خێزانی كوردی خووی بەوەوە گرتووە پەنا بۆ پۆلیس بەرێ؟

هەموو ئەو پرسیارانە وەڵامی ڕەخنەئامێزیان هەیە.
سەرەڕای ئەوەی كە دەزگای پۆلیسی كورد قۆناغێكی باشی بڕیوە، ئەوە سی ساڵی تەواوە وەك بەشێك لە خەڵك پێناسە كراوە. بە ڕۆڵەی خەڵك دەناسرێ، بێگانە و نەیار بەڕێوەی نابات و ئەندامەكانی لەناو خەڵكەوە دێن. ئەی بۆچی وەڵامەكان قورس و جێگای نائارامی بن؟ ئەی چۆن ئارامی لە دەستی پۆلیسەوە دەچێتە ناو دڵی كۆمەڵگە؟