سینیی زیوینی زیویە، کە بە زێڕ نەخشێندراوە، ناسراوترین سینییە، کە مرۆڤی کورد هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دروستی کردووە.
سینییەک لە هونەر و دەستڕەنگینی، دەیان نەخشی ئاژەڵ و رووەکی بە زێڕ لەسەر نەخشێنراوە. نەخش و نیگارەکانی ئاماژەیە بۆ شکۆی رابردووی کوردستان و بەڵگەیە بۆ دەسەڵات و هونەری کورد لەو سەردەمەدا. ئەم سینییە لە قەڵای زیویەی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە.
قەڵای زیویە، یەکێکە لە شوێنەوارە کۆنەکانی سەر بە پارێزگای سنە و نزیکە لە شاری دیواندەرە و سەقز، مێژووی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە زایینی مەسیح دەگەڕێتەوە. ئەم قەڵایە کەوتووتە سەر تەپۆڵکەیەکی بەرز و گەنجینەیەکە لە هونەر و دەستڕەنگینیی سەردەمی ماناکان و مادەکان.
لەسەر ئەم قەڵایە دەیان کەرەستە و کەلوپەلی گرانبەها دۆزراوەتەوە، کە ئێستا لە مۆزەخانەکانی دنیادا پارێزراون، وەکوو دارەمەیتی برۆنزی، ملوانکەی زێڕین، سەرەشێری زێڕین، جامی شەرابی زێڕین، سینی و شفرەی فیل، کە بە نەخش و نیگاری ئاژەڵ و راوکردنی پاڵەوانە ئەفسانەییەکان رازێندراوەتەوە، سەربازی سەردەمی مادەکان، شێردڵ و سوارچاکی کوردستانی کەونارا، بەشێکن لە گەنجینەی زیویە.
ملوانکەی زێڕینی زیویە، ملوانکەیەکی گرانبەهای پڕ نەخش و نیگار، کە چەند هەزار ساڵ بەر لەئێستا دروس تکراوە و بەڵگەیە بۆ شارستانییەت و دەستڕەنگینی و هونەری کورد لە سەردەمی مادەکاندا.