بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر رایگەیاند وێستگەى مۆبایلى شەمامک یەکێکە لەو پرۆژانەى کارەبا، کە کێشەى بارزۆرى و گوشارى سەر هێڵەکانى گواستنەوەى کارەبا و گرفتى پچڕانى کارەبا لە چەندین گوندى دەوروبەرى هەولێر چارەسەر دەکات.
ئەندازیار حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: " یەکێک لەو پڕۆژانەى کارەبا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، کە ئێستا لە قۆناغى جێبەجێکردندایە وێستگەى دابینکردنى مۆبایلى شەمامکە، پڕۆژەکە کێشەى بارزۆرى و گوشارى سەر هێڵەکانى گواستنەوەى کارەبا و بگۆڕەکانى کارەبا چارەسەر دەکات، ئەمە سەرەڕاى دابینکردنى کارەبایەکى جێگیرتر لەوەی ئێستا هەیە لە سنوورى چەندین گوندى دەوروبەرى هەولێر، کە کێشەى پچڕانى کارەبایان هەیە".
راشیگەیاند: "تێچووى پرۆژەکە ملیارێک و 695 ملیۆن دینارە، کە کارى گۆڕینى ڤۆڵتیەى کارەباى ناوچەکە لە 32 کەیڤییەوە دەگۆڕێت بۆ 11 کەیڤى و بە تواناى 25 MVA ، کارەکانى پڕۆژەکەش بەشێوەیەکى باش بەڕێوەدەچن".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" بە تەواوبوونى پڕۆژەکە کێشەى بارزۆرى هەردوو وێستگەى مۆبایلى شەمامک و وێستگەى تەرجان چارەسەر دەبن، ئەمە سەرەڕاى چارەسەرکردنى بارزۆرى فیدەرەکانى کارەباى وێستگەکان، کە کارەبا بۆ ناحیەى شەمامک و گوندەکانى دەوروبەرى دابین دەکەن".