قایمقامى هەولێر: رێگە نادەین نرخى نان و سەمون گران بکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

قایمقامى هەولێر: رێگە نادەین نرخى نان و سەمون گران بکرێ

قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر رایگەیاند نان و سەمون یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانى رۆژانەى هاووڵاتیان، بۆیە رێگە نادەین هیچ خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەیەک نرخ گران بکەن.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر و سەرۆکى لیژنەى پشکنین و چاودێرى بازاڕ بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى بڕیارەکەى حکوومەتى عێراق بۆ دابەزاندنى نرخى دینار بەرامبەر بە دۆلار، نرخى بەشێکى زۆرى کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکانى هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە، بۆیە بەشێک لە خاوەنى نانەواخانە و سەمونخانەکانیش داوایان کردووە نرخى نان و سەمون گران بکەن، بەڵام رێگە بە هیچ کەسێک نادەین لە خۆیانەوە نرخ گران بکەن، چونکە نان و سەمون یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانى رۆژانەى هاووڵاتیان".

راشیگەیاند: "تا ئێستاش نان و سەمون بە نرخى خۆیان دەفرۆشرێن لە بازاڕ و گەڕەکەکان و نرخیان بەرزنەبووەتەوە، بەڵام دەبێ داواکاریى کاسبکارانیش لەبەرچاو بگیرێت و باڵانسێک رابگیرێت لە نێوان بەرژەوەندى کاسبکاران و بەکاربەرانى نان و سەمون".

سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنى کێشەکە، قایمقامى هەولێر جەختى کردەوە: "بڕیارە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەنجوومەنى نانەواخانە و سەمونخانەکان ئەنجام بدرێ، بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک بۆ گرفتەکە و رێگە نادەین نانەواخانەکان دابخرێن و قەیرانى نان و سەمون سەر هەڵبدات".