ستراتیژیەت و تەکتیک لە سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ستراتیژیەت و تەکتیک لە سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان

هەموو چاودێرێکی سیاسی هەست بەو سیاسەت و هەڵوسوکەوتانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، کە لە رۆژی دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1978 تا ئەمڕۆ، پشتی بە چوار بنەما و کۆڵەکەی سەرەکی بەستووە و تا ئەمڕۆش دەستبەرداریان نەبووە، بەڵکوو ئەو دۆخی هەرێمایەتییەی یارمەتیی داوە و ئەو دۆسێیانەی پێی سپێردراون، رووبەرێکی فراوانتریان بۆ جووڵە و بەردەوامیی لەسەر بنەماکان پێ داوە، کە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بۆ خۆی داناون، ئەو چوار بنەما و کۆڵەکەیەش ئەمانەن:

- تەواوی گۆڕەپانی کوردستان بە گۆڕەپانی خۆی دەزانێ، ئەمەش وای لێ کردووە بە سەربەستی تیایدا بجووڵێ و رێکخستن و ململانێ بکا، هەروەها تێکەڵی ناو ناکۆکییەکانی لایەنە کوردییەکان ببێ، لەم پارچەیە یان لەوی تریان.

- پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتە جیاجیاکان گرێ داوە، بۆ ئەوەی پردێک لەگەڵ هێزە شاراوەکان دروست بکات، کە کاریگەرییان لەسەر وڵاتەکانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو ئەو لایەنە کوردییانە دوور بخاتەوە، کە رۆڵ و کاریگەرییان هەیە. کار گەیشتووەتە ئەوەی، لەگەڵ پڕۆژەی دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەکان تێکەڵ ببێ، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەزگاکانی سووری و ئێرانی بە جێگیری ماونەتەوە، کە چەندین دەیەیە لەسەری بەردەوامە.

- دان نانێ بە هاوبەش و هاوکار لە چوارچێوەی هاوپەیمانی یان رێککەوتنەکاندا، کە هەر زوو لێیان پەشیمان دەبێتەوە، یان بەگوێرەی ویستی تایبەتی خۆی تەفسیری بۆ دەکا، کە جگە لە پاشکۆ و مورید پێیان رازی نابێ. ئەو حزبە لەناو ریزەکانیدا بە رای جیاواز رازی نابێ، هەر جۆرە رایەکی جیاواز لەناویدا هەبێ بە شێوەی جیاجیا بزری دەکا، بە شێوەیەکی وا چیرۆک هەڵدەبەستێ، کە مورید و پاشکۆکانی باوەڕی پێ بکەن، لە هەمان کاتدا هەڕەشە لەوانە دەکات، کە لێی هەڵدەگەڕێنەوە، یان خاوەن رەخنەن، هەروەها پەکەکە باوەڕ بە هیچ هاوبەشییەکی راستەقینە لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییە خاوەن پێگەکان ناکات، کە وا بکا لە ئاییندەدا ببن بە رکابەری. بۆ داپۆشینی ئەو ئاراستەیەش، کار ئەکا بۆ نزیککردنەوەی کۆمەڵێک حزبی بچووک دەکا، کە بەدوای ناو و پێگەیەکەوەن، لەگەڵ چەند توێژ و کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە لاوان، بۆ ئەوەی وەک رووێکی بریقەداری ئیرادە لێ زەوتکراو بۆ پرۆژە لێڵ و ناڕۆشنەکەی بەکاریان بێنێ.

- پشت دەبەستێ بە دروشمە دیماگۆجییەکان و شەعبەویی نەتەوەیی، هەروەها (شەعبەویی نیشتمانی) ئەگەر دەستەواژەکە راست بێ. لەگەڵ پراگماتیی جیوەیی، کە لەگەڵ میزاجی داواکار گۆڕانی بەسەردا دێت، بەگوێرەی ئامانجە شاراوەکانی حزب.

هەر چاودێرێک بابەتییانە بەدواداچوون بۆ کاروانی پەکەکە بکات، لەو رۆژەی لە 1979 چووەتە ناو سووریا و ئینجا لە 1980 چووەتە ناو لوبنان، پاشان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و هەروەها کوردستانی ئێران، هەست بەو  بنەمایانە دەکات.

لە سووریا توانیی شوێنپێی خۆی جێگیر بکات و هەژموونی خۆی فراوان بکات، ئەویش بەهۆی ئەو پاڵپشتییە زۆرەی کە رژێمی حافز ئەسەد لێی دەکرد و رێی پێدا بە سەربەستی لە گۆڕەپانی سووریا و لوبنان هاتوچۆ و جووڵە بکات، بۆ ئەوەی حزب وەک وەرەقەیەک لەناو سیاسەتەکەی بەکار بێنێ، کە ئەوکات لەسەر بنەمای کارکردن بە وەرەقە سەرەکییە هەرێمییەکان دەکرا، وەک وەرەقەی فەڵەستینی، وەرەقەی لوبنانی و وەرەقەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، بەمەبەستی درێژەدان بە رۆڵی کارای هەرێمایەتی، دوای دەرچوونی میسر لە گۆڕەپانەکە، لە دەرەنجامی واژۆکردنی رێککەوتننامەی کامپ دێڤد لە 17ی ئەیلوولی 1978.

ئەوەی یارمەتیی پەکەکەی داوە، لاوازیی حزبە کوردییەکانی سووریا و سەرقاڵبوونیانە بە ناکۆکیی حزبی و ناڕوونی لە بەرنامەکانیان و کەمتواناییان، لە هەمان کاتدا لەلایەن رژێم و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە تووشی سەرکوتکردن دێن، بۆ ئەوەی ریزەکانیان تێک بدەن و تۆوی گومانیان لەناو خەڵکدا بۆ دەچێنن و بە چەندین شێوازیش سیاسەتی بەشێکی زۆریان ئاراستە دەکەن.

هەرچی ناوەندی کوردی سوورییە، بەوە ناسراوە، کە ئاستی خوێندەواری و تێکۆشان لەپێناو پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەییان بەرزە، ئەویش لەڕێی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سیاسەتە رەگەزپەرستییەکان، کە حزبی بەعس بەبەردەوامی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کوردی سووریا دەیگرێتە بەر، هەروەها رەتکردنەوە، یان دان نەنان بە هیچ مافێک لەوبارەیەوە. ئەو ناوەندەی کوردی سووریا، لە دروشمەکانی ئەو حزبە و شێوازە نوێیەکانی لە پروپاگەندە و توانای رێکخستنی ئەو هێزەیان بۆ دەرکەوتووە، کە پشتی پێ دەبەستێ.

سەرباری توانای پەکەکە لە جووڵەی ئاشکرا و سەربەست و رێکخستنی بەکۆمەڵی خەڵک، لە هەمان کاتدا بەئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە کۆمەک دەکرێ، تەنانەت ئەوەی دوایی داوای لەو کوردانەی لای خۆی کردووە، لەو حزبەوە نزیکن ببنەوە و بچنە ریزەکانی، چونکە نەخشە بۆ پرۆژەیەکی کوردیی دوورمەودای پاشکۆی خۆی دەکێشێ، کە لەژێر فرمانی ئەودا بێ و وەرەقەیەک بێ لە وەرەقەکان. بەمەش بە بەردێک لە دوو چۆلەکە دەدات، ئەگەر دەستەواژەکە گونجاو بێ. لەلایەکەوە کوردەکانی سووریا لە بازنەی ئۆپۆزسیۆنی و دژە سیاسەتی خۆ دەردەکا و کێشەکەیان لە کێشەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی سووری دەگۆڕێ بۆ کێشەیەک، سەنتەرەکەی لەدەرەوەی سنوورەکەیدا بێ. لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتداران ئەو وەرەقەیەی پەکەکە بۆ مناوەرە لەگەڵ تورکیا بەکار دێنن و هەوڵ دەدەن وەک هێزێکی بەهێزی هەرێمایەتی دەربکەوێ.

ئەوەی رژێمی حافز ئەسەد لەو پرۆژەیەدا وەک هاوکاریی پێیان دەدا، لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگییەیە لەنێوان خۆی و رژێمی ئێراندا هەیە، لەدوای گەیشتنی خومەینی بە دەسەڵات لە ساڵی 1979.

هەماهەنگیی نێوانیان بۆ هاوکاری لە لوبنان، کارکردنیان لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، کە کورد ئەوکات بڕبڕەکە سەرەکییەکەی بوو، لێرەوە وەرەقەی کورد لە دەستی رژێمی سووریا بوو بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی هەرێمایەتیدا. پەکەکەش لەو ناوەدا سوودی لە ناکۆکییەکانی نێوان حزبە کوردییەکانی عێراق بینی، بەتایبەتی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، چ لەسەر ئاستی راگەیاندن یان لە رێکخستندا.

لە ئەنجامدا پەکەکە توانی بارەگا لە قەندیل و ناوچەکانی دیکە دابنێ، ئینجا توانیی لە سەردەمی سەدام حوسێن پردێک لەگەڵ رژێمی عێراق دروست بکا، ئەگەرچی پەیوەندیشی لەگەڵ رژێمی ئێراندا هەبوو، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی پراگماتی، لە کۆکردنەوەی دژەکاندا، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیکات، لەلایەکەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا دەبەستێ، لەولاشەوە لەگەڵ رووسیا، لەلای دیکەیشدا لەگەڵ رژێمی سووریا، لەلایەنی چوارەمیشدا حەز دەکا گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکات و لەلایەنی پێنجەمەوە بچێتە ناو گفتوگۆکانی حزبە کوردییەکانی سووریا و ناوەناوەش نزیک دەبێتەوە و دوور دەکەوێتە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەنی شەشەم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەنی حەوتەم و ئیدی بەم شێوەیە.

ئەوەی هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینی، کە ناوە ناوە گرژی و بەریەککەوتن لە ئاستێکی بەرتەسکدا لەنێوان دەسەڵات و حزبەکانی روو دەدا، دەکرێ کۆنتڕۆڵ بکرێ، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە ئەنجامی کۆمەڵێک هەڵەی لاوەکی کۆبوونەتەوە، لە چوارچێوەی هەڵوسکەوتکردن لەگەڵ پەکەکە، کە لە سەرەتاوە هەوڵی بۆ داوە، بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان لە 1999، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە حاڵەتی ناوخۆی کوردی عێراق، ئەوەش خۆی لە راگەیاندنی حزبی چارەسەری دیموکراتیدا دیتەوە، وەک لقی عێراقیی خۆی، هاوشانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی لقی سووریای پەکەکە.

پەکەکە سەرەتا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی قۆستەوە، هەروەها دۆخی حزبە ئیسلامییەکانی دیکەیشی قۆستەوە و بەشێوەیەکی تەکتیکی هەماهەنگیی لەگەڵ کردن، بۆ ئەوەی سوودیان لێ ببینێ و بتوانێ ئەندامەکانیان بۆ لای خۆی رابکێشێ.

هەروەها پەکەکە ئەو دۆخی ناڕەزاییەی خەڵکی قۆستەوە، کە بەهۆی گەندەڵییەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی وەک پێویست چارەسەری بکەن.

ئینجا تەنگژەی دارایی هات، کە بووە هۆی ئەوەی نەتوانرێ مووچەی خەڵک بدرێ، کە بزوێنەری سەرەکیی بازاڕە، ئەویش بەهۆی نەبوونی پرۆژەی گەشەپێدان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، کە دەکرا بەهۆیانەوە دەرفەتی کار بۆ خەڵکی بێکار دابین بکات و سنوورێک بۆ زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەران دابنێ. هەروەها دەیتوانی فشار لەسەر دەسەڵات کەم بکاتەوە و سەرچاوەی دیکەی داهات دابین بکات، جا لەڕێی هەناردەکردنەوە بێ، یان لە رێی دەسکەوتنی باجەوە.

ئەمە و لەبەرامبەردا، سەرباری ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی هەرێم پێیەوە ناڵاندی و دەناڵێنێ، لە ئەنجامی ئەو فشار و کەلێنانەوە لە بواری کارگێڕیدا، بەتایبەتی لەلایەنی پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا، کە پێشوازیی لە ژمارەیەکی زۆر پەنابەری سووری، ئاوارەی عێراقی لە ناوچە جیاجیاکانەوە کرد، هەروەها بۆ هەموو دونیای سەلماند، کە توانای ئیدارەدانی کۆمەڵگایەکی پێکهاتە جیاوازە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی هەیە، هاوشان لەگەڵ رێزگرتنی لە بیروڕا و حزبی جیا بەشێوەیەکی ئەرێنی، بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، جێی سەرسامیی خەڵکێکی زۆرە.

ئەمڕۆش، دوای کۆتاییهاتنی دۆسێی تیرۆر، کە زۆر نیشانەی پرسیار سەبارەت بە دەرکەوتن و ونبوونی خێرای و هۆکارەکانی پشتیەوە هەن، وێڕای ئەو هێزانەی پاڵپشتییان دەکرد و لێی سوودمەند بوون و ئەو ئەرکانەی پێی سپێردرابوون و ئەو ئامانجانەی لەپشت هەموو ئەمانەوەیە، پەکەکە هەوڵ دەدا بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی، رژێمی ئێران، تەواوی هێزی هۆی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە نوێیەکە بەکار بێنێ، کە خۆی لە فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان و ناچارکردنی بەوەی بە ئاراستەی سیاسەتی ئێرانەوە بێ لە عێراق و ناوچەکەدا.

ئەویش بە رێگریکردن لە هەرێم لە بینینی رۆڵی خۆی لە کۆکردنەوەی عێراقییەکان لە تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانەوە، لە بەرژەوەندیی پرۆژەیەکی عێراقیی نیشتمانی بۆ هەموو عێراقییەکان و بە بەشداریی هەموویانەوە. پرۆژەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانی، کە سەروەرییەکی تەواوی بەسەر خاکەکەی و سامان و داهاتەکەیەوە هەبێ و تەواوی پێکهاتەکانی دڵنیا بن لە رێزگرتن لە تایبەتمەندی و مافەکانیان و بەشداریی یەکسان لە دەسەڵات و داهاتدا، هەروەها دراوسێیکانی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش لێی دڵنیا بن.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پرۆژەیەکی سیاسی نییە، کە ئامانجی گەیشتن بێ بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ کێشەی کورد لە تورکیا، کە پێویست وایە گۆڕەپانی سەرەکیی خۆی ئەوێ بێ. دەرفەتیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو خواستە هەبوون، پرۆژەیەکی ئاشتەوایی هەبوو، بەڵام پەکەکە، لەگەڵ هەندێ هێزی نەتەوەیی توندڕەوی تورکی لەناو دەوڵەتی تورکیا، توانییان ئەو پرۆسەی ئاشتییە، لەڕێی زنجیرەیەک رووداو و بەیەکدادان و دەستدرێژی لەبار ببەن، ئەمەش نە خزمەتی کوردی تورکیا و نە تورکیاشی بەگشتی کرد و دەکات، هەروەها خزمەتی هیچ کوردێک ناکات لە هیچ شوێنێک، بەڵام قازانجی رژێمی ئێران لە هەرەسهێنانی پرۆسەی ئاشتی، لە کەس شاراوە نییە.

چارەسەر بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی ئەو گرژییانەی ئەم دواییەی نێوان پەکەکە و هەرێمی کوردستان تەنیا بە حیکمەت و رازیبوونە لەسەر ئەو بنەمایانەی، کە پێویستە پەکەکە پابەند بێ پێیانەوە، یان ئەوەتە گرژی و ئاڵۆزیی نەرێنیی زیاتر دەبینین، بەهۆی ململانێی لایەنەکان لەسەر هەرێم و رۆڵی پەکەکە تیایدا.

لەمیانەی بەدواداچوونمان بۆ کاروانی ئەو حزبە هەر لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تا ئەمڕۆ، دەبینین تا سەر مۆخ پراگماتییە، لە دۆخی لاوازیدا وا خۆی پیشان دەدا، کە ئامادەیە بۆ رێککەوتن، کەچی ئەگەر خۆی لە حاڵەتی بەهێزیی لە دیماگۆجییەتدا دیتەوە، هەر زوو خۆی لە هەموو پابەندبوونەکان دەدزێتەوە.

ئایا ئەمجارەیان پەکەکە دژی بنەمای هەڵسوکەوتەکانی خۆی دەبێ؟ یان گەڕێکی دیکەی نمایشی دووبارەی ئەو حزبە دەبینینەوە، کە پێشتر تا ئێستا لێمان دیوە؟ با ئەم پرسیارە بۆ پێشهات و گۆڕانکارییەکانی رۆژانی داهاتوو جێ بهێڵێن.

• نووسەر و ئەکادیمیی سووری

*ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی (القدس العربی) بڵاوكراوەتەوە و لە لایەن (باسنیوز)ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی.