٥٧ ساڵ چاوەڕێی كرد و دواتر!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

٥٧ ساڵ چاوەڕێی كرد و دواتر!

تەمەنی ٥٧ ساڵە. بەپێی پێوەر و کولتووری باوی کۆمەڵگە (قەیرە کچە)، ئەو بە بێهیواییەوە دەڕوانێتە ژیان، ئارەزوو دەکات چیرۆکی خۆی باس بکات، بۆ ئەوەی "کچانی تر پەندی لێ وەرگرن".

مەهناز، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە، باوکی و پووری بە گوێیدا دەدەن، کە دەبێ شوو بە کوڕی پووری بکات. ئەویش لەبەرئەوەی کچێكی گوێڕایەڵی خێزان و وابەستەی نەریتەکانی بنەماڵەکەیان دەبێت، رازی دەبێت و هەموو فکر و ویستی بۆ کوڕی پووری تەرخان دەکات.

مەهناز دەڵێت: "من نەخرامە بەر خوێندن، بەڵام کوڕی پوورم نێردرایە شار، بۆیە باوکی گوتی، با بگاتە ئامادەیی ئینجا زەماوەند بکەن، من چاوەڕوان بووم. هەموو ژیان و رەفتار و هەڵسوکەوتم بۆ ئەوە دانا، کە پوورم و خێزانەکەی لێم رازی بن. ئەو رۆژانەی کوڕی پوورەکەم دەهاتەوە، خۆشترین رۆژانی من بوون. ئەگەرچی هەستم نەدەکرد ئەو وەکوو من تامەزرۆی بینینم بێت، بەڵام دیار بوو نەیدەویست رووبەڕووی خێزانەکەی ببێتەوە".

بەپێی گێڕانەوەی مەهناز، کاتێک کوڕی پووری ئامادەیی تەواو دەکات، دەڵێن با بگاتە زانکۆ ئینجا زەماوەند بکەن، بۆیە مەهناز بڕیار دەدات قسە لەگەڵ کوڕەکە بکات: "پێنجشەممەیەک، کە هاتەوە، زۆرم لە خۆم کرد و هاتمە قسە، لە دەرفەتێکدا پێیم گوت، کە ئەگەر زەماوەند بکەین و هەمان کات بشخوێنیت چی دەبێت؟ ئەو بە توانجەوە گوتی، بۆ پەلەی چیتە؟". مەهناز بەم وەڵامە خۆی پێ شەمەزار دەبێت و وەک خۆی دەڵێت: "زۆر لێکدانەوەی ناشیاوم بۆ خۆم کرد، بۆیە بڕیارم دا ئیتر من نەڵێم پەلەمە".

ساڵ دێت و دەڕوا، مەهناز هەر چاوەڕێی رۆژانی پێنجشەممەیە، تا بزانێ ئایا کوڕی پووری، کە هاتەوە چ هەواڵێکی بەیەکگەیشتنیانی پێیە، بەڵام هیچ دیار نابێ: "هەموو تەمەنم بە چاوەڕوانیی ئەوە بەڕێ كرد، کە رۆژانی پێنجشەممە بێت و هەواڵێک بدات، کە ئێمە زەماوەند دەکەین، بەڵام وەکوو ئەوەی ئەرکێک جێبەجێ بکات، دەهات و شەوێک دەمایەوە، زیاتر لەگەڵ براکەم و باوکم کاتی بەسەر دەبرد و رۆژی هەینی دەڕۆیشتەوە".

کاتێک ئەم کوڕە خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات، لەجیاتی زەماوەند، بە باوکی مەهناز دەڵێت، کە دەیەوێ جارێ درێژە بە خوێندن بدات: "پێنجشەممەیەک، کە هات لەگەڵ بابم لە ژوورێک بەتەنیا قسەی کرد، کە رۆیشتەوە، باوکم زۆر تووڕە دیار بوو، لەگەڵ دایکم بەتەنیا قسەیان دەکرد، گوێم لێ بوو، کە گوتی پێم وابێ غەدرم لە مەهناز کرد، ئەو کوڕە تا دێ بیانوو دەدۆزێتەوە. ئێمە ئیتر غرووری خۆمان ژێرپێ ناخەین، تا ئەمجارە پێڵاوەکانم ماچ نەکەن، باسی ئەم زەماوەندە ناکرێتەوە".

مەهناز کاتێک قسەکانی دەگێڕایەوە، چاوی پڕ لە فرمێسک بوو: "کە گوێم لەم قسانەی باوکم بوو، هەستم کرد گومانەکەم بە راست دەگەڕێت، کە ئەم کوڕە منی ناوێت، بەڵام من لە دڵەوە هۆگری بووم و خۆشم دەویست. بۆیە زۆر خەمبار بووم".

کاتێک کوڕەکە خوێندنی ماستەر تەواو دەکات، خەریکی خوێندنی دکتۆرا دەبێت، دوای ئەوە لەڕێگەی دایکیەوە ناڕاستەوخۆ هەواڵ بۆ مەهناز دەنێرێت، کە شوو بکات: "مەهناز کاتێک ئەم قسانە لە پووری دەبیستێ، پێی دەڵێت، تۆ و باوکم داواتان لە من نەکرد، کە من دەبێ زەماوەند لەگەڵ ئەو بکەم؟ چەند ساڵە منتان چاوەڕوان کرد، من ئەو هەموو خوازبێنییەم رەت کردەوە، لەپای چی؟".

دوای ئەوە مەهناز لەگەڵ باوکی قسە دەکات و پێی دەڵێت، کە ئەوەی بەرامبەری کرا، لەخشتەبردن بوو، هەمیش ئەوان وایان کرد ئەو شوو بە کەسی تر نەکات: "کاتێک ئەم قسانەم کرد باوکم تووڕە بوو، گوتی، هیچ شەرم لەو قسانە ناکەی، تۆ بەرامبەری باوکت باسی شووکردن دەکەی. دیارە هیچ شەرم نەماوە. زۆر جنێوی دا".

ئێستا تەمەنی مەهناز نزیک شەست ساڵە، تازە هیوای دروستکردنی خێزانی نەماوە، کوڕی پووریشی کچێکی دکتۆرەی خواستووە: "هەست دەکەم لەجیاتی ئەوەی خزمان هەست بەو غەدرە بکەن، کە لە من کراوە، بە چاوی سووک سەیرم دەکەن و بە توانجەوە قسەم لەگەڵ دەکەن، وەک ئەوەی من تاوانێکی گەورەم کردبێ".

مەهناز دەڵێت: "هیوادارم کەس وەکوو من بۆ خاتری دابونەریتی كۆمەڵایەتیی كۆن بێدەنگ و لە مافی خۆی خۆش نەبێت، چونکە دواجار دەبێتە قوربانی".