نوخشە حوسێن: دەمەوێت لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانمەوە پارێزگاری لە کلتووری کورد بکەم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نوخشە حوسێن: دەمەوێت لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانمەوە پارێزگاری لە کلتووری کورد بکەم

نوخشە حوسێن، خانمە هونەرمەندێکی دەستڕەنگینی شاری سلێمانییە و لە ڕێگەی دروستکردن و چنینی کۆڵوانە و دەسماڵ و سەرشانە و هێلەک و جلی کۆنی کوردەوارییەوە دەیەوێت پارێزگاری لە کلتوور و ڕەسەنایەتی کورد بکات.

نوخشە بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە منداڵیەوە خولیای کاری هونەری دەستی بووم، بەڵام بە شێوەیەكی سەرەكی لە ساڵی ٢٠١٦وە دەستم بە كاری دەستی كردووە و بەهۆی بەهرەكەمەوە هەستم كرد كە ئەم كارە بۆ من زۆر گونجاوە".

گوتیشی: "تا ئێستا کەس لە کارەکەمدا هاوکاری نەکردووم، بەڵام خێزان و هاوڕێكانم زۆر پشتگیریم دەكەن و هانم دەدەن بەردەوام بم لە کارەکەم".

نوخشە باسی لە ئەوەش کرد "بەرهەمەکانم لەسەر خواستی خەڵكە و ئەو مورووانەی كە بەكاریان دەهێنم تایبەتن، زیاتر ئەو شتانەی كە دروستیان دەكەم سەرشانە و چنین لەسەر كەواو هێلەك و هەموو جۆرە قوماش و جل و بەرگێك بە قردێلە و چەندین جۆری دیكەی كەرەستە، هەروەها دەمەوێت لەو ڕێگەیەوە پەرە بە پاراستنی کولتووری ڕەسانەیەتی کۆنی کوردی بدەم، كڕیارەكانمیشم لەسەر بەرهەمەكانم زۆر ڕازین، بم شێوەیەش کارەکەم بووەتە سەرچاوەیەكی دارایی یارمەتیدەر بۆم".


ڕاشیگەیاند: "تاوەكو ئێستا بەشداری زیاتر لە ١٠ پێشانگای هونەری کاری دەستیم كردووە، پەیامم بۆ خانمان ئەوەیە كە هیچ شتێك بە هەوڵدان مەحاڵ نییە و هیچ كات بێ هیوا مەبن".