رۆژنامەی ئەلعەرەب: بە کشانەوەی ئەمریکا پێکدادانی هێزەکان لە عێراق سەر هەڵدەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رۆژنامەی ئەلعەرەب: بە کشانەوەی ئەمریکا پێکدادانی هێزەکان لە عێراق سەر هەڵدەدات

رۆژنامەیەکی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێکدادانی توندی بەرژەوەندییەکان لە عێراق، سەر هەڵدەدات.

رۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە راپۆرتێکدا، تیشکی خستووەتە سەر گوشارەکان بۆ نەمانی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و کاریگەرییەکانی بەسەر سیاسەت و ئابووریی عێراق.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، کە بڕیارە لە 20-1-2021 دەست بەکار بێت، گرنگیی بە بارودۆخی عێراق نادات، بەڵکو زۆرتر بە هەوڵدان بۆ چارەسەری ئەو کێشە ئابوورییانە خەریک دەبێ، کە لە ئەمریکا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەریان هەڵداوە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سنووردانەنان بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، وەک ئەو رۆژنامەیە باسی کردووە، دەبێتە هۆی فراوانبوونی گۆڕەپانی عێراق بۆ دەستوەردانەکانی ئێران و زیادبوونی هەژموونی ئەو وڵاتە بەسەر عێراقەوە.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ 2017-2021 (وەک لێدان لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) بەدی هاتوون، لەناو دەچن و ئەو میلیشیایانە دەستئاوەڵا دەبن بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئێران.

ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن کەوتووەتە ژێر گوشاری باڵی راستڕەوەکانی دیموکراتەکان، کە جۆ بایدن ئەندامی ئەو حزبەیە و ئەو راستڕەوانەش داوا دەکەن عێراق نەبێتە ئامانجی لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و چیتر وڵاتەکەیان هێندەگرنگی بە عێراق نەدات.

لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بە کارە لە پێشینەکانی جۆ بایدن کراوە، کە بریتین لە؛

- کێبڕکێ لەگەڵ چین

- دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپییەکان و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)

- کێشەی کەشوهەوای زەوی

تا ئێستا عێراق نەخراوەتە ناو لیستی ئەو کارانەی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا وەک کاری لەپێشینە، بۆ خۆی دیاری کردوون.

نووسەر و شیکەرەوەکانی رۆژنامەی ئەلعەرەب پێیانوایە سەرۆکی نوێی ئەمریکا هەوڵی کشاندنەوەی زۆرترین سەربازی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ”کۆتاییهێنان بە شەڕە درێژخایەنەکان“، دەدات.

پێشتر لە مانگی 1ـی 2020، پەرلەمانی عێراق بە گوشاری حزب و میلیشیا شیعییەکانی عێراق، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق دەرکرد، کە مەبەست لێی هێزە ئەمریکییەکان بوو.

رۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان:

- هەژموونی ئێران لە عێراق زیاد دەبێت

- ئەمریکا چیتر ناتوانێ ئامانجەکانی لە عێراق بەدەست بهێنێت

- بارودۆخی ناسەقامگیری عێراق درێژە دەکێشێت.

- عێراق بیر لە پەیداکردنی پاڵپشتی بەهێز دەکاتەوە و دەرگا بۆ رووسیا و چین دەکاتەوە

ئەو خاڵانەش هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتوون، دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین بەرژەوەندیی ناکۆک لە عێراق و سەرهەڵدانی پێکدادانی هێزەکانی ئەو وڵاتە.