كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لانە ئامانج: کاری میدیا بۆ خانمان ئەو سەختییەی پێشووی نەماوە

خانمە پێشکەشکاری کەناڵی (کورستان تیڤی) لانە ئامانج، لە دیدارێکی (باسنیوز)دا باس لە ڕۆڵ و ئەزموونی خۆی لە کاری ڕاگەیاندندا دەکات و دەڵێ" هەمیشە پشتگیری ئەو کچانەم کردووە کە حەزیان بە دەرکەوتن کردووە".


لانە، بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە ساڵی 2009ەوە دەستم بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و سەرەتاش لە ڕاپۆرتی کۆمەڵایەتی و هونەری و تەندروستی و وەرزشییەوە دەستمپێکرد و لە زۆرێک گۆڤار و ڕۆژنامە کارم کردووە، تاوەکو دەرفەتی پێشکەشکاریم بۆ ڕەخسا و دەرکەوتم لە تیڤی و ئێستا وەکو پێشکەشکار لە (کوردستان تیڤی) کار دەکەم و پێشکەشکاری بەرنامەی (بوخچەی کچان)م".


گوتیشی: "ڕاگەیاندن هێزی پێبەخشیم و وایکرد ببمە خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک شتی لێم سەندووەتەوە، بەڵام ڕاگەیاندکاری سەرکەوتوو ئەوەیە کە خۆویست نەبێت، بە تەنیا خەمخۆری خۆی نەبێت، بەڵکو سوود بە هەموو لایەک بگەیەنێت و نابێت کارێک بکەیت پێچەوانەی دابونەریت و کۆمەڵگە بێت، بەداخەوە کەسانی لەو جۆرەشمان هەیە".

لانە ئەوەشی خستەڕوو "بەدەر لە کاری ڕاگەیاندن کاری پارێزەری و ڕێکخراوەیی دەکەم و کارەکانم بە گشتی پشتگیری کردنە لە خانمان ئەو سێ کارەش خولیای گەورەی من بوون، ڕاگەیاندنیش بۆ من پێش هەموو شتێ خولیا بوو، ناتوانم وەکو پیشە سەیری بکەم".


دەشڵێت: "ئێستا ڕاگەیاندن هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو سەختی نەماوە، تەنانەت کچان پێشبڕکێیانە بێنە ناو بوارەکەوە، بەڵام بەگشتی پێویستە بەهێز بیت چونکە قسە دەکرێت و ڕەخنەت لێدەگیرێت و پێویستە باوەڕت بەخۆت هەبێت بۆئەوەی سەرکەوتوو ببیت، خێزانەکەم و هاوسەرەکەم و هاوڕێکانم زۆر هاوکاری کارەکانم دەکەن".


ڕاشیگەیاند: "هەروەها لە بواری نووسینیشدا کار دەکەم و شیعر دەنووسم، تاوەکو ئێستاش چەندین کۆڕی شعریم هەبووە، بەڵام پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین هەر کارێک کە دەستیپێدەکەی پێویستە ئامانج و ڕێچکەی تایبەت بەخۆتت هەبێ، هەمیشە پشتگیری ئەو کچانەم کردووە کە حەزیان بە دەرکەوتن کردووە، چونکە هەر کارێک لە سەرەتادا قورسی خۆی هەیە".