پڵنگی کوردی کوێستان، باشترین یازیزانی تۆپی پێی ئێرانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پڵنگی کوردی کوێستان، باشترین یازیزانی تۆپی پێی ئێرانە

وریا غەفووری، ناوێکی ناسراوە لە ئێران و یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە مێژووی ئێراندا، بۆیە لە جیهانی تۆپی پێدا ناسناوی (پڵنگی کوردی کوردستان)ی پێ بەخشراوە.

وریا لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، بە قسەی خۆی، باوکی نەیویستووە وریا خۆی لە قەرەی تۆپی پێ وەرزش بات، بەڵام وریا شەیدای تۆپی پێ بووە و شەو و رۆژ وەرزشی کردووە.

ئێستا کاپتنی یانەی ئیستقلالی ئێرانە، کە یەکێکە لە ناسراوترین یانەکانی تۆپی پێی ئێران و ئاسیا. وریا پێشتر لە چەندین یانەی تۆپی پێی ئێران وەکوو پاسی تاران، پاسی هەمەدان، شارەوانیی تەورێز، نەوتی تاران، سپاهانی ئەسفەهان یاریی کردووە.

ئەم یاریزانە وەک بەرگریکار، ماوەی شەش ساڵە لە یانەی ئیستقلالی ئێران یاری دەکات وئێستاش کاپتن و ناسراوترین یاریزانی یانەکەیە. لە ساڵی 2018 لە پاڵەوانێتیی ئاسیا لە یاریکردن لەگەڵ (ئەلریان) و (ئەلهیلال)ی عەرەبستان توانیی گۆڵ بکات و سەرەنجی وڵاتانی عەرەبی بۆ لای خۆی رابکێشێ و داوایان لێ کرد گرێبەستی لەگەڵ ببەستن، بەڵام ئەم یاریزانە کوردە رازی نەبوو لە هیچ یانەیەکی ئەو وڵاتانە یاری بکات.

وریا غەفووری، یەکێکە لە بەهەڵوێسترین وەرزشوانەکانی ناو ئێران و هەڵوێستەکانی زۆر جار بە زیانی شکاوەتەوە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2018 پشتگیریی خۆی بۆ ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و مانگرتنی سەرانسەری خەڵک راگەیاند و هەر ئەوە وای کرد، ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێران، بۆ جامی جیهانی ئەو ساڵە رەش بکەنەوە، کە ناڕەزایی خەڵک و تەنانەت پەرلەمانتارەکانی ئێرانیشی لێ کەوتەوە.

ئەم یاریزانە کوردە بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، لە کاتی پاڵەوانێتیی جامی گەلانی ئاسیا، وەک یەکێک لە دیاردەکانی ناو تۆپی پێی ئێران، تازەترین ئۆتۆمبیلی کۆمپانیای (مودیران خودرۆ)ی پێ بەخشرا.

وریا لە دیمانەی لەگەڵ میدیاکان ئاشکرای کردووە؛ ماڵباتەکەی، بەتایبەت باوکی هەمیشە ئامۆژگاریی کردووە، خۆی لە وەرزش و تۆپی پێ بەدوور بگرێ، با وەکوو ئەو نەخوێندەوار و کرێکار نەبێ، بەڵام ئێستا هەم ماڵباتەکەی و هەم ئێران و رۆژهەڵات شانازیی پێوە دەکەن، بۆیە حەز دەکات رادینی کوڕیشی لە داهاتوودا ببێتە یاریزانێکی خوێندەوار.