بۆ خۆپارێزی لە دەردەكانی زستان، خەڵک دۆینەی دەخۆن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ خۆپارێزی لە دەردەكانی زستان، خەڵک دۆینەی دەخۆن

دۆینە، یان ترخێنە، خواردنێکی کۆنی کوردییە، کە لە دێرزەمەنەوە دەڵێن؛ دەرمان و چارەسەرە بۆ نەهێشتنی پەتای هەڵامەت و چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی سی و تەنگەنەفەسی و کۆکە. ئەم قسەیە تا رادەیەکی زۆر زانستییە، چونکە شۆربای دۆینە سەرچاوەیەکی بەهێزی کالسیۆم و ئەو ڤیتامینانەیە، کە لەناو ماست و دۆدا هەن.

پێکهاتەی سەرەکیی دۆینە، ساوار، ماست و دۆیە، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە؛ ئەم خواردنە دەرمان و چارەسەرە بۆ نەهێشتنی ئەو نەخۆشییانەی لە رێی ڤایرۆس و بەکتریاوە بڵاو دەبنەوە، بۆیە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە؛ خواردنی شلەی ترخێنە، یان دۆینە، مرۆڤ لەو نەخۆشییە دەپارێزێ.

هاتنی سەرما و ترسی ئەو نەخۆشانەی تووشی پەتای هەڵامەت دەبن، لە رۆیشتنیان بۆ نەخۆشخانەکان، کە گوایە شوێنێکی ترسناکن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، زیاتر لە جاران خەڵکی رۆژهەڵات و تەنانەت بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێرانی هان داوە، بۆ خواردن و دروستکردنی شۆربای دۆینە و تا ئێستا 70 جۆر شێوازی دروستکردنی شلەی ترخێنە لەناو میدیاکانی ئێران بڵاو بووەتەوە و وەک چارەسەری هەڵامەت و کۆرۆنا باسی لێوە دەکەن.

ئەم خواردنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، مەلایەر، هەمەدان و ئەراک، زیاتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران دەخورێ و ئەم شارانە بەنیازن وەک خواردنێکی میللی، بەناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن.