كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەنوەر پاشای عوسمانی و كۆمەڵكوژیی كورد

ناوی ئەنوەر پاشا بەلای خوێنەری كوردەوە نامۆیە، بەڵام ئەو كەسایەتییە لە شەڕێكدا لەگەڵ سوپای ڕووسیا هەزاران چەكداری بە كوشت داوە و بەشێكی زۆری ئەو چەكدرانەش كورد بوون.

شەڕی (ساری كامش)، بە یەكێك لە شەڕە هەرە پڕ ئازارەكانی توركیا دادەنرێت بەرامبەر بە ڕووسیا، چونكە سوپای توركیا تووشی شكستێكی گەورە بووەوە.

لە كۆتایی ساڵی ١٩١٤ و لە مانگی ١٢دا، بە فەرمانی ئەنوەر پاشا كە ئەوكات سوپاسالار بووە، سوپای توركیا لە (ساری كامش) رووبەڕووی سوپای ڕووسیا بووە و واشی لە سەرووی خۆی گەیاندبوو شەڕەكە دەبەنەوە، بەڵام بە شكستێكی گەورە لێی هاتنە دەرەوە.

هەموو سەرچاوەكانی توركیا باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەوەی سوپای توركیا راهێنانیان نەكردبوو لە سەرمادا چۆن شەڕ بكەن، لە بەرامبەردا سوپای ڕووسیا ئەزموونی لەو ڕووەوە هەبووە، بۆیە نەیانتوانیوە بەرگەی سوپای رووسیا بگرن و هێزەكانیان لەناو چوون.

بە گوێرەی سەرچاوە ئەكادیمی و مێژووییەكانی توركیا، لەو شەڕەدا ٩٠ هەزار چەكداری توركیا كوژراون، بۆیە ئەمین چۆلاشان نووسەری دیاری رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی ئاماژەی بەوە داوە، ئەو شەڕە بە شكستخواردووترین شەڕ دادەنرێت لە مێژووی توركیادا.

نەوەی ئەنوەر پاشا بە ناوی عوسمان مایاتەپەك، قسەی بۆ (سۆزجو) كردووە و گوتوویە درۆیە ٩٠ هەزار سەربازی توركیا نەكوژراوە، بەڵكوو ٣٥ هەزار كوژراوە. ئەو دەڵێت شەڕی (ساری كامش) ١٠٠٪ شەڕێك بووە لەپێناو نیشتمان و نابێت بە سووك سەیر بكرێت. رەخنەش دەگرێت بەوەی ئەو شەڕە وەكوو خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ نەكراوە.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی (ئایدن دەرە) نووسەری دیاری باكووری كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، كاتێك سوپای توركیا ٩٠ هەزار سەربازی لێ كوژراوە لە شەڕی (ساری كامش)، ئەنوەر پاشا لە ئیستەنبۆڵ لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسدا كۆ بووەتەوە و گوتویەتی ئەوەندە خەم مەخۆن بۆ لە دەستدانی ٩٠ هەزار سەرباز، چونكە ٩٠٪ی ئەو سەربازانەی كوژراون بە رەگەز كورد بوون، ئیتر بەو شێوەیە كوردمان لە كۆڵ دەبێتەوە.

ئەگەر ئەو سەرچاوەیە راست بێت، كەواتە لەو شەڕەدا تەنیا ئەنوەر پاشا تۆمەتبار نییە، بەڵكوو پیلانێكی نەگریسی عوسمانییەكان بووە بۆ لەناوبردنی كورد، هەر بۆیە بەبێ راهێنانی شەڕكردن لەناو بەفرو و سەرمادا روبەڕووی رووسیا بوونەتەوە.

بەڵام جگە لەو سەرچاوەیەی دەرە، هیچ سەرچاوەیەكی تری توركی باس لەوە ناكات كە ٩٠٪ی ئەو سوپایە كورد بوون، تەنانەت ئەو نووسەر و لێكۆڵەرانەی بەرگری لە مافی كوردیش دەكەن شتی وایان باس نەكردووە.

دەكرێت لەو ڕووەوە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت و وردبینانەتر هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەمەش ئەركی نووسەرە كوردەكانی باكوور و توركیزانەكانە لەو ڕووەوە خۆیان ماندوو بكەن.

تەنانەت لێكۆلەرە توركەكانیش رەخنە لە خۆیان دەگرن، بەوەی وەكوو پێویست ئەو شەڕەیان هەڵنەسەنگاندووە و لێكۆڵینەوەی جیدیان لەبارەوە نەكردووە.