سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین رایگەیاند قوتابییەکى بەشى سۆفتوێرى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆکەیان پلەى یەکەمى لەسەر ئاستى عێراق و دووەم لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدەستهێناوە لە پێشبڕکێیەکى زانستى، کە کۆمپانیایەک ئەنجامی داوە.
پڕۆفیسۆر د. جەوهەر فەتاح سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بە (باسنیوز)ى راگەیاند: " سەنتەرى ئەکادیمیاى هواوى زانکۆى سەڵاحەدین پێشبڕکێیەکى زانستى لە بوارەکانى داتا کۆمنیکەیشن نێتوێرکینگ، ئەى ئاى کڵاود و ستۆرەیج، سکیوریتى، بۆ قوتابیانى 11 وڵاتى رۆژهەڵاتى ناوەڕست رێکخستبوو، کە تیایدا 1200 قوتابى لەسەر ئاستى عێراق بەشدارى پێشبڕکێکەیان کردبوو، لەو ژمارەیەش سێ قوتابى هەڵبژێردران لە زانکۆکانى سەڵاحەدین و پۆلیتەکنینکى سلێمانى و مووسڵ، ئەمەش دواى سێ جار ئەنجامدانى تاقیکردنەوە".
راشیگەیاند: "13 تیمى قوتابیان کە نوێنەرایەتى 11 وڵاتیان دەکرد لەو تاقیکردنەوەیەدا بەشداربوون، لە ئەنجامدا قوتابییەکى زانکۆى سەڵاحەدین کە قوتابى بەشى سۆفتوێرى کۆلێژى ئەندازیارییە، بەناوى ئیبراهیم عومەر لە دایکبووى هەولێر، پلەى یەکەمى بەدەستهێنا، قوتابیەکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانیش پلەى دووەم و قوتابیەکى زانکۆى مووسلییش پلەى سێیەمى بەدەستهێنا".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد" لە سەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، عێراق پلەى دووەمى دواى پاکستان بە دەستهێنا، چونکە پاکستان بە دوو تیمى قوتابى بەشداربوو، کە لە کۆى 15 هەزار قوتابى هەڵبژێردرابوون، بڕیارە لە داهاتوودا پێشبڕکێکە لەسەر ئاستى جیهان ئەنام بدرێت و ئەو قوتابییەى زانکۆى سەلاحەدین لەگەڵ قوتابییەکى پاکستان، نوێنەرایەتى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەن".