نەخشەبەردێکی زەردەشتی لە دهۆک دەدۆزرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نەخشەبەردێکی زەردەشتی لە دهۆک دەدۆزرێتەوە

”مێژووەكەی بۆ دەوروبەری سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە“

لە ئەنجامی كنەكارییەكی شوێنەواریی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک و تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی تۆبینگنی ئەڵمانی، نەخشەبەردێکی شوێنەواری دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەم نەخشەبەردە، کە لە کارێکی رووپێوی، لە درێژەی (پرۆژەی رووپێوی شوێنەواری کەنارەکانی رووباری خاپوور (EHAS)، لە گوندی گەرماڤای ناوچەی سێمێل لە رۆژئاوای شاری دهۆک دۆزراوەتەوە، وێنەی پیاوێکی ئایینی، یان پاشایەک، کە لەسەر ئایینی زەردەشتی بووە، لەسەری هەڵکەندراوە.

ئەم بەردە مێژووییە، کە درێژییەکەی نزیکەی یەک مەتر و ٩ سانتیمەتر دەبێت و پانییەکەی (٥٤) سانتی مەترە و لە جۆری بەردی (کلس)ە، بە یەکێک لە دەگمەنترین شوێنەوارە دۆزراوەکان دادەنرێت، کە تا ئێستا شوێنەوارێکی لەم شێوەیە نەدۆزراوەتە.

بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک، دکتۆر حەسەن ئەحمەد قاسم، لە لێدوانێكی تایبەت بە (باسنیوز) گوتی: ”ئەم بەردە لە ساڵی ٢٠١٦، لە درێژەی چالاکییەکانمان لەگەڵ زانکۆی توبنگنی ئەڵمانی، لە کاتی رووپێوی، لە گوندی گەرماڤەی نزیک سمێل دۆزراوەتەوە و ئەمساڵ کاری پشکنین و توێژینەوەی بۆ کراوە، کە بەپێی خوێندنەوەکانمان، ئەم شوێنەوارە نەخشەبەردێکە، کە مێژووی بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، وێنەی مۆغ یان پاشایەکی زەردەشتیی لەسەرە، ئەمەش بەهۆی جلوبەرگ و شێوازی راوەستانییەوە دیارە، تایبەتە بە کاری ئایینیی مۆغێکی زەردەشتی“.

بەپێی گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک، ئەمە یەکەم جار نییە، کە شوێنەوارێکی تایبەت بە ئایینی زەردەشتی لەو ناوچەیە دەدۆزرێتەوە، بەڵکوو پێشتریش بەهۆی ئەنجامدانی کاری هەڵکۆڵین و کاری رووپێوی لە هەمان شوێن و شوێنەکانی دیکە، چەندین شوێنەواری دیکەی ئەم ئایینە لە ماڵەپەڕە شوێنەوارییەکانی پارێزگای دهۆک دۆزراونەتەوە و بە فەرمی لەناو لیستی شوێنەواری هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

د.حەسەن زیاتر گوتی: ”هەبوون و بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵگەش بۆ ئەم بابەتە، هەبوونی چەندین پەرستگە و ئاتەشکەدە و شوێنەواری تایبەت بەم ئایینە کوردییەیه. هەر بەپێی دوایین دۆزینەوەش، ئەگەری زۆرە شوێنی دۆزینەوەی ئەم نەخشەبەردە شوێنێکی ئایینیی وەک پەرستگە یان تەلارێك بێت، تایبەت بەم ئایینە“.

بە گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک: ”هەندێ جار بڵاوکردنەوەی راستییەکان وەک خۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لە لایەن شوێنەوارناس و بەرپرسە شوێنەوارییەکانی عەرەب، چونکە ئەوان پێیان وایە، شوێنەوارە دۆزراوەکانی ناو هەرێمی کوردستان، دەبێت بە ناوی دەسەڵاتداری و سەردەمی پاشا ئاشوورییەکان بڵاو بکرێنەوە، بەڵام ئەمە بابەتێکە دوورە لە راستی و کاتێک بەپێی توێژینە و لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت، کە شوێنەوارێک تایبەت بە دەسەڵاتداری کوردە، یان نەخشێکی کوردیی پێوەیە، پێویستە وەک خۆی، واتا وەک موڵکێکی مێژوویی یان شوێنەوارێکی کوردی بناسرێت. دۆزینەوەی شوێنەواری بەجێماوە لە نموونەی ئەم پارچە بەردە، نیشانەی فراوانی و بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتییە لەو سەردەمەدا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، کە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری فرەئایینی و پێکەوەژیانە لە کوردستان.