هاوسەرەکەی دەستی دەشکێنێت و ناشیەوێت سکاڵا تۆمار بکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هاوسەرەکەی دەستی دەشکێنێت و ناشیەوێت سکاڵا تۆمار بکات

 

قۆڵێكی بە دەستەسڕەیەکی سپی بە ملیەوە هەڵواسیبوو، رەنگی زەرد و ترساو دیار بوو، لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس دەیویست سکاڵا دژی هاوسەرەکەی تۆمار بکات، دوو پیاو لە بەرامبەری ئەو، شانی پیاوێکی بەتەمەنیان گرتبوو، دەیانویست نەهێڵن هێرش بکاتە سەر ژنە قۆڵ شکاوەکە.

کاتێک چوونە بەردەم دادوەر و گەڕانەوە، پیاوە بەتەمەنەکە لە ژووری دادوەر مایەوە، من لە ئافرەتەکەم پرسی: ئەو پیاوە پیرە بۆچی دەیەوێ هێرش بکاتە سەرت؟ گوتی: "ئەوە ماممە، لەبەرئەوەی هاتووم سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەم تۆمار بکەم، دەیەوێت لێم بدات".

گوڵە، ژنێکی ٣٥ ساڵە، دایکی پێنج منداڵە و هاوسەرەکەی ئامۆزایەتی. وەک خۆی دەڵێت، لەگەڵی خراپە و بەردەوام سووکایەتی و قسەی ناشیاوی پێ دەڵیت: "هەموو چوونەدەرەوە و هاتنە ژوورەوەیەکی جنێو و سووکایەتییە بە من، ئەگەر وەڵامیشی بدەمەوە، لە بەرچاوی منداڵەکانم لێم دەدات".

گوڵە، باس لە کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەکات، کە هۆکاری خراپییەکەی ئەوەیە: "خۆی پێ لە من شیاوتر و جوانترە. بەردەوام پێم دەڵێت، ئەگەر کچی مامم نەبوایەی نەمدەویستی، تۆ ناشیرینی و قابیلی من نیت، بەردەوام بیانووم پێ دەگرێت و لێم دەدات، چەندان جار بە بابم و مامم گوتووە ئامۆژگاریی بکەن، بەڵام کەس گوێ بە ژیانی من نادات".

گوڵە باس لەوە دەکات، کە مانگێک لەمەبەر چووەتەوە ماڵی باوکی و سکاڵای مامەڵەی خراپی هاوسەرەکەی لای باوکی کردووە: "کە چوومەوە سەرم شکابوو، بە باوکمم گوت، کە ئەوە هاوسەرەکەم وای لێ کردووم، هەندێک ئامۆژگاریی بکەن، بەڵام بابم بانگی کرد و پێی گوت، کە نابێت لێم بدات، ئەویش گوتی باشە، هەر ئەو شەوە منیان لەگەڵی ناردەوە ماڵ".

گوڵە دەگێڕێتەوە: "پێنج منداڵمان هەیە، بەڵام ئەو پیاوە هیچ رێزم ناگرێت. پێم گوتووە ئەگەر بە من رازی نیت، خەرجیی من و منداڵەکانم بکە و بۆ خۆت ژن بێنە، بەڵام ئەو دەڵێت، تۆ داوای تەڵاق بکە، ئەگەر نا کەس ژنم ناداتێ، منیش دڵم نایە منداڵەکانم بەجێ بێڵـم".

گوڵە، خەڵكی دەوروبەری شاری هەولێرە، باس لە کولتووری بنەماڵەی خۆی دەکات: "لای ئێمە زیاتر هاوسەرگیری لەگەڵ خزم دەکرێت، تەڵاقدانیش بە عەیبە دادەنرێت. بۆیە جیابوونەوە و باسکردنی تەڵاق بۆ کەسێکی وەکوو من سەختە".

دوایین جار، کە گوڵە هاتووە سکاڵا تۆمار بکات، پێشتر دەستی شکاوە: "دوێنێ، کە لە دەوام هاتەوە نانم دانا، گوتی چێشتەکەم بە دڵ نییە و قاپەکەی فڕێ دا. من قسەم نەکرد و چووم تا خواردنێکی دیکەی بۆ ئامادە بکەم، بەڵام هاتە مەتبەخ و گوتی، دیارە ناتەوێ وەڵامم بدەیتەوە. من هەر قسەم نەکرد، چونکە کە پێشتر قسەم دەکرد لێی دەدام، کەچی ئەوجارەیان لەبەرئەوەی وەڵامی جنێوەکانیم نەدایەوە، لێی دام، تا دەستم شکا".

دوای ئەوەی گوڵە دەستی دەشکێت، دەچێتە لای پیاوێک دەستی بۆ هەڵدەبەستێتەوە. تەلەفۆن بۆ خەزووری دەکات، کە مامیشیەتی، بەڵام: "مامم پێی گوتم، مێردتە و خۆت بێدەنگ بکە تا خۆی ئارام دەبێتەوە، بۆیە منیش یەکسەر هاتم بۆ بنکەی پۆلیس تا سکاڵا تۆمار بکەم، بەڵام مامم کاتێک زانیویەتی من هاتووم سکاڵا بکەم، ئەویش هاتووە و لێرە لێم بدات".

گوڵە دەڵێت: "تەلەفۆنم بۆ برایەکم کرد، ئەو زۆر لایەنگریم دەکات و گوتی ئەمجارە دێم هاوسەرەکەت لە ماڵ دەردەکەم، مادام باوکیشی هەست بە زوڵمی کوڕەکەی ناکات، دەمەوێ ئیتر بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکەم، یان باش بێت، یان وازمان لێ بێنێت".