نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان رووی لەبەرزبوونەوە کرد و شارەزایانی بواری ئابووریش پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکەن.
پێگەی (oilprice)ی جیهانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ هەینی 25ی12ی2020، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەرێژەی 0.18% بەرزبووەوە و بە 51 دۆلار 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بەرێژەی 0.23% بەرزبووەوە و بە 48 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
کەمبوونەوەی نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا و رێککەوتنی بازرگانی لە نێوان یەکێتی ئەورووپا و بەریتانیا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە و شارەزایانی بواری ئابووریش ئاماژەیان بەوەکردووە کە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بووەتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.