مێژووی کوڵەباڵ و فەرەنجی لە كوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مێژووی کوڵەباڵ و فەرەنجی لە كوردستان

پۆشاک دیارترین هێمای کولتووریی هەر نەتەوەیەکە، کە لەو رێیەوە خۆی لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. یەکێک لەو پۆشاکانەی لەمێژە کورد و بەتایبەت هەورامییەکانی پێ دەناسرێتەوە؛ کۆڵەباڵە، کە بە پەستەک و فەرەنجییش ناسراوە. پۆشاکێکی ناسراوە لە هەورامان، بەڵام رەنگە لە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان وەک پێویست نەناسرابێ، یان زانیارییان لەوبارەیەوە زۆر کەم بێ.

کوڵەباڵ تەنیا پۆشاکێکە لە جیهان، پێویستی بە تەقەڵ و دەرزی نییە. ئەم پۆشاکە لە چەندین رەنگی وەک رەش، سپی و سوور و لە خوریی بزن و مەڕ دروست دەکرێت. کاری دەستە و ژمارەی ئەو وەستاکارانەی دروستی دەکەن، رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو کەمی دەچن.

ئەم پۆشاکە زیاتر بۆ وەرزی سەرما بەکار دەبرێ، بەڵام ئەگەر لە وەرزی هاوین بیپۆشن، دەبێتە قەڵغانێک لەبەرامبەر تینی خۆر و جەستە لە گەرمای هاوین دەپارێزێت. کوڵەباڵ لە کاتی شەڕکردن ئەگەر تەڕ بکرێ، دەبێتە ئێلەگێكی قەڵغانی، چونکە لە خوری دروست دەکرێت و قوماشی ناو کارگە نییە، هیچ زیانێک بە ژینگە ناگەیەنێت.

رەنگە مێژووی دروستکردنی ئەم پۆشاکە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و داستانی زوحاك بگەڕێتەوە، کە گوایە بەپێی دەستانێكی خەیاڵی دوو مار لەسەر شانی بووە، بەڵام دوو جۆری گوێچکەدار و بێگوێچکەی هەیە.

مەبەست لە دروستکردنی کوڵەباڵی گوێچکەدار و بێگوێچکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە: لە سەردەمی کۆن لە هەورامان، دوای ئەوەی کەسێکیان وەک سان، یان پاشا دیاری دەکرد، ئەگەر ئەو پاشایە کەسێکی بەتوانا و دادوەر و لێهاتوو بوایە، پیاوانی ناوچەکە کوڵەباڵی بێگوێچکەیان لەبەر دەکرد، بەڵام ئەگەر ئەو پاشایە بەلاڕێدا بچوایە و خزمەتی گەل و نیشتمانی نەکردایە، خەڵکەکە بە هێمای ناڕەزایەتی دەربڕین، کوڵەباڵی گوێچکەداریان دەپۆشی و داوای داماڵینی جلی پاشایەتی و دەستلەکارکێشانەوەی پاشایان دەکرد.