كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هەولێر.. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی کوردستان بەڕێوە چوو

بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی داواکاری نێوان دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی کوردستان بەڕێوە چوو.

عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی ژینگەی کوردستانیشە بە (باسینوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008 لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەستەکە سێ ئەرکی هەیە ئەرکی یەکەمیان پاراستنی ژینگەیە، ئەرکی دووەمیان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ژینگەیە کە لە نوێنەری 14 وەزارەتی پەیوەندیدار و سەرجەم فەرمانکە ژینگەییەکان پێک دێت، ئەرکی سێیەمیش چاککردنی ژینگەیە".

گوتیشی: "لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە شێوەی خول بەڕێوە دەچێت، دەبێ ماوەی دوو مانگ یان کەمتر جارێک کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی داواکارییەکانمان لە یەکتر بکەین. بۆ نموونە ئێمە چ داواکارییەکمان هەیە لە وەزارەتەکان، وەزارەتەکانیش چ ڕێنوێنییەکیان بۆ ئێمە هەیە".

لەبارەی هاوبەشەکانی دەستەی ژینگە، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان هاوبەشی سەرەکیی ئێمەن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 220 ڕێکخراوی ژینگەیی لە کوردستان هەیە و مانگانە و وەرزانە لەگەڵ هەموویان کۆ دەبینەوە و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەکەین"