بۆچی زۆربەی جەژنە ئایینییەكان لە كوردستان دەكەونە کۆتایی پاییز و سەرەتای زستانەوە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی زۆربەی جەژنە ئایینییەكان لە كوردستان دەكەونە کۆتایی پاییز و سەرەتای زستانەوە؟

هەموو ساڵێک لەگەڵ کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستاندا، کوردستان جموجۆڵی تایبەت بە جەژنە جیاوازەکانی پێکهاتە ئایینییەکان بەخۆیەوە دەبینێت.

گەلی کورد بەهۆی مێژووی کۆن و تێکەڵبوونی لەگەڵ خەڵکانی دیکە و کوردستانیش کە لە نەتەوەی جیاواز و بەتایبەت ئایینی جیاواز پێکهاتووە، ساڵانە کۆمەڵێ رێوڕەسمی ئایینیی تایبەت و جیاوازی تێدا بەڕێوە دەچن، هەر ئەو بابەتانەشن بوونەتە هۆی ئەوەی کوردستان شوێنی پێکەوەژیان و وڵاتێک بێ بۆ حەسانەوەی بڕوادارانی ئایینە جیاوازەکان.

بابەتی سەرنجڕاکێش لەو جەژنانە ئەوەیە، کە زۆربەیان دەکەونە کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستان، واتا لەم دوو هەفتەیەدا نزیکەی پێنج جەژنی پێکهاتە ئایینەکان لە کوردستان بەڕێوە چوون و دەچن، کە لە جەژنی حانووکای کوردە جووەکانەوە دەست پێدەکات و بە بۆنەکانی ئایینی ئێزدی و زەردەشتی و مەسیحی و یارسانەکان کۆتایی پێدێت.

لێرەدا بە کورتی باسی هەر یەک لەو جەژنانە دەکەین، کە لەم ماوەیە بەڕێوە دەچن:

جەژنی حانووکای جوو
جەژنی حانووکا، یان جەژنی رووناکی، یەکێکە لە جەژنە رەسەنەکانی ئایینی جوو، کە هەموو ساڵێک لە ١٠ تا ١٨ی مانگی کانوونی یەکەم یادی دەکرێتەوە. مێژووی ئەم جەژنە بۆ دووبارە بەرپابوونەوەی دێر و سەرکەوتنی جووەکان بەسەر سوپای سلووکییەکان لە ساڵی ١٦٤ی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەم جەژنە بیرەوەریی یەکێک لە موعجیزەکانی مێژووی جووە، کە بە بۆچوونی خۆیان لە کاتی جەنگی یەهوود لەگەڵ یۆنانییەکان، لە دێری مکابیون، چرایەکیان داگیرساندبوو، کە تەنیا بەشی سووتان و رووناکی بەخشینی یەک رۆژ زەیتی تیادا مابووە، بەڵام بە ویستی خودا، ئەو چرایە بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام بووە لە سووتان و رووناکی بەخشیوە.

بڕوادارانی جوو، ساڵانە لە کاتێکی دیاریکراو بۆ ماوەی هەشت رۆژ یادی جەژنی حانووکا دەکەن و هەر رۆژە بە داگیرساندنی مۆمێک لە مۆمدانێکی تایبەت، کە (منوورە)ی پێ دەڵێن، هەتا دەبێتە هەشت مۆم و ئەو رۆژە رۆژی کۆتایی جەژنی حانووکایە.

جەژنی رۆژیێن ئێزدی
جەژنی بە رۆژووبوونی کوردە ئێزدییەکانە، بۆ ماوەی سێ رۆژ کوردە ئێزدییەکان بەڕۆژوو دەبن و لە رۆژی چوارەمدا، بە جێبەجێکردنی رێورەسمی جەژنێکی یەک رۆژە، کۆتایی پێدێت.

سەبارەت بە فەلسەفەی ئەم جەژنە، بابێ چاویش، خزمەتکار و سەرپەرشتیاری پەرەستگەی لالش دەڵێ: “فەلسەفەی ئەم جەژنە لای ئێزدییەکان، بۆ سەرەتای ئەفراندن و دروستبوونی ئایینی ئێزدی دەگەڕێتەوە، واتا لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینی ئێزدی و ناسینی خودای تاک و تاقانە، ئەم بڕوایە لای ئێزدییان دروست بووە، کە بۆ تێگەیشتن لە بارۆدۆخی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، هەروەها بۆ دابەشکردنەوەی خۆشییەکان لەگەڵ خەڵکی دیکە، خودا ئەو سێ رۆژەی بۆ دیار کردوون، کە بەڕۆژوو بن و لە کۆتایی رۆژی سێیەمدا، بە گێڕانەوەی جەژنێک، خۆشییەکانیان لەگەڵ خەڵکی دیکە دابەش بکەن”.

جەژنی شەوی یەڵدا
یەڵدا یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی نەتەوەی کورد، کە ساڵەهای ساڵ بە کۆبوونەوەی خێزانی و خوێندنەوەی یەسنای پیرۆز و خواردنی شەوچەرە و رازاندنەوەی خوانێکی تایبەتی شەوی یەڵدا کە (مەیزەد)ی پێ دەگوترێت، ئاهەنگ دەگێڕن.

ئەسرەوان قادرۆک، ئەسرەوانی فەرمیی ئاتەشگەی کوردستان، کە ئاتەشگەی تایبەتی زەردەشتییەکانی سلێمانییە، لەبارەی فەلسەفەی شەوی یەڵدا گوتی: “فەلسەفەی شەوی یەڵدا بۆ لەدایکبوونی میترا، خۆر یان رووناکی دەگەڕێتەوە، واتا دوای ئەوەی میترا وەک خۆر و هەتاو لە حەوت هەزار ساڵ پێش، لەنزیک شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت، ئەو رۆژە بۆ گەلی ئەو دەڤەرە، کە کوردنشین بووە، دەبێتە جەژن و خۆشی، بە مانای زایینی رووناکی و کۆتایی هاتنی شەو و تاریکی. دواتر ئەو بۆنەیە بەخێرایی گەشە دەکات و زۆربەی شار و وڵاتەکانی دنیا دەبنە پێڕەوی ئایینی میتراییسم. بۆیە رۆژی لەدایکبوونی میترا وەک جەژنێک و بۆنەیەکی تایبەت یاد دەکرێت و ناوی دەنێن جەژنی یەڵدا و ئەم جەژنە لەناو مێژووی رۆمانیدا ناوی هەر بە یەڵدا هاتووە و ریشەی وشەی یەڵدا بۆ زمانی سریانی دەگەڕێتەوە”.

جەژنی یەڵدا یان جەژنی زایینی خۆر لەناو کورد بە جەژنی چلەش ناو دەهێنرێت، مەبەست لێی هەمان درێژترین شەوی ساڵە.
نزیکەی ٣٧٥٠ ساڵ پێش ئێستا، کاتێک ئایینی زەردەشتی سەر هەڵدەدات و بە فەلسەفەی ئەوەی، کە میترا خودا نییە، بەڵکوو نوور و رووناکییەکە بۆ رزگارکردنی گێتی لە شەو و تاریکی ئەفرێندراوە، ئەم جەژنە لەناو کورد نوێ کراوەتەوە، چونکە زەردەشت بە خۆی و خانەوادەکەی لەسەر ئایینی میترایی بوونە، بەڵام کاتێک زەردەشت خوای تاک و تاقانەی ناسییەوە، ئەم جەژنەی وەک زایینی نوور و میترا و لەدایکبوونی یەڵدا ناساند، نەک وەک لەدایکبوونی رووناكی.

جەژنی لەدایکبوونی عیسای مەسیح
رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، لە لایەن پێڕەوانی ئایینی مەسیحی بە رۆژێکی پیرۆز دادەنرێت. ئەم رۆژە، کە رۆژی لەدایکبوونی پەیامهێن عیسایە، لە هەموو جیهان بەگشتی و لای مەسیحییەکانی کوردستانیش دەبێتە جەژن و یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین جەژنەکانی مەسیحی بەڕێوە دەچێت. هەر بەم بۆنەیە، لەو رۆژە کریستییانەکانی جیهان لە کەنیسەکان کۆ دەبنەوە و بە خوێندەوەی سرووتی ئایینی و دوعا و نزا و هەڵكردنی درەختی میلاد و دواتر لە کەنیسەکان بەرەو ماڵەکان دەگەڕێنەوە و لەوێ بە رازاندنەوەی خوانی تایبەت بە جەژن، جەژن دەگێڕن و پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن.

جەژنی قەوڵتاسی یارسانەکان
گرنگترین و گەورەترین جەژن لە ئایینی یارسان، جەژنی قەوڵتاس، یان جەژنی یارانە. ئەم جەژنە هەموو ساڵێ لە سەرەتای وەرزی زستان، بۆ ماوەی سێ رۆژ دەست پێدەکات. لەم سێ رۆژەدا، خەڵکی باوەڕدار بەم ئایینە بە رۆژوو دەبن و لە رۆژی چوارەم دەیکەن بە جەژن.

مێژووی ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان سەهاک. کاتێک کۆمەڵێک لە یارەکانی سوڵتان ماوەی سێ رۆژ لەناو بەفر گیر دەخۆن، دواتر رزگاریان دەبێ. لەم جەژنەدا، یارسانەکان لە شوێنی پیرۆزی خۆیان، کە جەمخانەی پێ دەگوترێ، کۆ دەبنەوە و رۆژووداران و بڕواداران بە خواردنی برنج و کەلەشێر و هەنار جەژن دەگێڕن.

سەبارەت بە هۆکاری دوو هەفتەکە، ئەسرەوان قادرۆک پێی وایە، کە هۆکاری ئەم رێککەوتنە رۆژژمێرییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە رەگوریشەی هەموو ئایینەکان بۆ ئایینی میتراییسم دەگەڕێتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە یەکتاپەرەستی و هەبوونی هێزێک لەسەرەوەی هەموو هێزەکان بۆ ئەفراندنی جیهان و گێتی، هەروەها پیرۆزیی تیشکی خۆر و دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ، لەگەڵ لەدایکبوونی یەڵدا، یان میترا، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئایینەکانە، بەتایبەت ئایینی زەردەشتی.