کچە کوردێک بڕاندێکی خشڵ و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتانی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێنێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کچە کوردێک بڕاندێکی خشڵ و کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتانی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێنێ

لانە ئاوات، خانمە هونەرمەندێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و براندێکی تایبەت بە کارە دەستییەکانی خۆی دامەزراندووە و دەڵێ لە داهاتوودا دەمەوێت براندەکەم گەورەتر بکەم و خزمەتی زیاتری خانمان بکەم.

لانە بۆ (باسنیوز) گوتی: "ھەر لە منداڵیەوە موروو و بەردم زۆر خۆش دەویست، ئێستاش ماوەی دوو ساڵە خاوەنی براندی تایبەتی خۆمم بۆ دروستکردنی خشڵ و کەلوپەلی جوانکاریی خانمان، پسپۆڕییەکەی خۆم زانستی کۆمپیتەرە، بەڵام حەز و خولیام بۆ کاری هونەری وایکرد بڕاندێکی تایبەت دابمەزرێنم بۆ خزمەتکردنی هونەرەکەم، دوای دەرچوونم لە زانکۆ دەستم پێکرد، خێزانەکەم زۆر پاڵپشتمن بە تایبەت دایکم".

گوتیشی: "ھەموو ئەو کەلوپەل و بابەتانەی کە دروستیان دەکەم بە خۆشەویستییەوە دروستیان دەکەم و ڕەنگەکان و دیزاینەکان ھەمووی بە سەلیقەی خۆم ڕێکیان دەخەم، پارچەکانیش زۆرینەی بابەت و بەردی گرانبەھان، هەروەها ھەوڵمداوە کارەکانم تێکەڵ بکەمەوە لە گەڵ پارچە کوردەوارییەکانی وەک کوژەکە و سەر پەرچەم کە ئافرەتانی کورد لە کۆندا بەکاریان ھێناوە وەک، دروست دەکەم".

لانە ڕاشیگەیاند: "کڕیارەکانم زۆر لە کارەکانم ڕازین و بە دڵیانە ھەوڵم داوە خشڵەكان ھەموو كوالێتی باش بن و لای کڕیار بمێننەوە، هەروەها براندەکەم بووەتە سەرچاوەی داھاتێک بۆم و بەشداری کۆمەڵێک چالاکی هونەرییم کردووە و دەمەوێت براندەکام گەورە بکەم و لە ھەموو دنیادا بناسرێت".

دەشڵێت: "ھەموو کارێک سەختی و دژواری خۆی ھەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆڵ نەدەین و بەردەوام بین، پەیامیشم بۆ خانمان ئەوەیە ھەموو کەس بەھرەی تایبەت بە خۆی ھەیە و بەھرەکەت بدۆزەرەوەو کۆڵ مەدە".